شیڤان شێرزاد – هەولێر
یەکەمین پێشانگای هونەرمەندی پەیکەرتاش و شێوەکار “عەبدولحەمید زبێدی” بە ١٠٩ بەرهەمی نوێ لە پەیکەر و تابلۆی رەنگاوڕەنگ لە گەلەریی میدیا بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی شێوەکاریی هەولێر و بە چاودێری “ئاریان سەلاحەدین” بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ئارەزوومەندانی هونەری پەیکەرتاشی کرایەوە.
لە پێشانگاکەدا هونەرمەند ژیان و ئازادییەکانی مرۆڤی کردبوو بە کەرەستەیەک بۆ کار و بەرهەمە هونەرییەکانی.
(عەبدولحەمید زبێدی) لە ئاخاوتنێکی “هەولێر”ـدا ئاماژەی بۆ تابلۆکانی کرد، کە بەشێک لە ژیان و بەسەرهاتەکانی مرۆڤ، جگە لە نەخشاندنی تابلۆی کەسایەتیە هونەری و سیاسی و زانستیەکان، هەروەها پەیکەرەکانی زیاتر لە واتایەک بۆ ژیان هەڵدەگرن و گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو کەسایەتیانەیە، کە وەختی خۆی بەخششێکیان هەبووە لە ژیاندا و توانیویانە بە کار و چالاکی، روخساری ژیانیان جوانتر نیشان بدەن.
گوتیشی: لە پەیکەرەکانمدا زیاتر قووڵ بوومەتەوە بەسەر ڕۆڵی ئەو کەسایەتیانەی، کە بە هونەر و کارێزمای خۆیان، بوونەتە کەرەستەیەک بۆ کار و بەرهەمەکانم.