پەیكەر بۆ هونەرمەندی كۆچكردوو (عەریف حەمەتاڵ) دانرا

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

لەشاری سلێمانی پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی كۆچكردوو «هادی مەحمود» ناسراو بە (عەریف حەمەتاڵ) لادرا.

لە مەراسیمێكدا لە گەڕەكی كانی ئاسكانی شاری سلێمانی كە گەڕەكێكی دێرینی شارەكەیە، پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی كۆچكردوو هادی مەحمود لادرا، ئەم پەیكەرە لەسەر ئەركی زاهیری كەریمە رەش، سەرمایەداری شارەكە و لەلایەن عومەر جەمیلی پەیكەرساز دروستكراوە.
هونەرمەند هادی مەحمود ساڵی 1970 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە و سەرەتا بە درامای گەردەلول بە دەوری عەریف حەمەتاڵ ناسرا، دواتریش بەشداری لەچەندین دراما و بەرنامەدا كرد، هاوینی ئەمساڵ كۆچی دوایی كرد.
لەمەراسیمەدا هونەرمەند رۆژگار كەمال، بەرپرسی لقی سلێمانی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان دەستخۆشی لەو كارە هونەرییە كرد و رایگەیاند “هونەرمەند كاكە هادی خاوەنی ئەزمونێكی زۆر گەورە و جوان بوو لە كاری نواندن، هەروەها خاكی و سادە و دەم بە خەندە بوو، هونەرمەند و میدیاكار بوو، دەخوازین ئەم پڕۆژانە بەردەوام بن و پلانیش هەیە لەمەودوا پەیكەر بۆ ئەو هونەرمەندانەش بكرێت كە لە ژیاندا ماون، كە ئەوەش جێی دەستخۆشییە”.
هەروەها عومەر جەمیل، پەیكەرساز بە (هەولێر)ـی راگەیاند، ئەم پەیكەرە بە ماددەی فایبەر گڵاس بە كوالێتی بەرز و لە دوو مانگدا دروستكراوە و وتی “لەلایەك دڵخۆشم كە ئەم پەیكەرە لە شوێنێكی كلتوری شارەكە دادەنرێت، بەڵام خەمباریشم كە پەیكەرەكە بۆ هونەرمەند هادی مەحمودە و ئێستا لەناوماندا ئامادەبوونی نییە و پەیكەری بۆ كراوە”.
سەبارەت بە وێنەی پەیكەرەكە، ناوبراو روونیكردەوە “وێنەی پەیكەرەكەش دەقاودەق دەمانویست كەسایەتی عەریف حەمەتاڵ بێت، بۆیە بە وێنەی درامای گەردەلوولەوە كردمان”.
دەربارەی شوێنی دانانی پەیكەرەكەش عومەر جەمیل وتی “بۆیە لێرەدا دانراوە بیرۆكەی كاك زاهیری كەریمە رەشە و دەیەوێت بیكاتە ئەم شوێنە بكاتە گوزەرێكی كلتوری”.
هەروەها هاوڕێ پەنا، ئامۆزای هادی مەحمود رایگەیاند، بۆ ئەوان رۆژێكی گرنگە كە تیایدا بەو پەیكەرە رێز لە هادی مەحمود دەنرێت، چونكە هەم هادی و هەمیش كەسوكاری زەحمەتكێش و كاسبكاری سلێمانی بوون، هادی بە قاقای پێكەنین و بەرنامەكانی خۆشی دەخستە دڵی هەمووانەوە..