گەرمیان گلی – ههولێر
بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر، بە هاوکاری سەنتەری ئاڵا، لە وەرزی پاییزەی چالاکییەکانیدا، فیلمی سینەمایی ( where is the land) نمایش دەکات.
ئەو فیلمە لە دەرهێنانی هۆشیار زیڕۆ نێروەییە و سیناریۆی فیلمەکە لەلایەن، بیلال شاکر و هۆشیار زیڕۆ نێروەیی و پەروێز مستەفا چیچۆ دانراوە، هەر یەکە لە حوسێن حەسەن و دلبەر دۆسکی و دولفا عورفی، ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەبینن. بڕیارە ئەمڕۆ ١٨ ی مانگ لە سەنتەری ئاڵا فیلمەکە نمایش بکرێت.
هۆشیار زیڕۆ دەرهێنەری فیلمەکە بە ” ڕۆژنامەی هەولێر” ی ڕاگەیاند: فیلمەکە باس لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و چیرۆکی خۆشەویستی دەکات لە کوردستان، جگە لەوانە ئێمە هاتووین باس ئەو کێشە سیاسییانە دەکەین کە هەرچوارپارچەی کوردستان تووشی بووە، ئەم فیلمە زیاتر سەبارەت بە کوردستانی باشوور و باکوورە، کە نیوەی گوندەکە کەوتۆتە کوردستانی باشوور و نیوەی گوندەکەی تر کەوتۆتە کوردستانی باکوور.
دەیشڵێت: ئایدیای کارەکە بیرۆکەی خۆم بووە و ساڵی ٢٠١١ فیلمەکە بەرهەم هاتووە و ستافی تەکنیکی کارەکە بەشێکی زۆریان لە دەرەوەی وڵات هاتبوون، بەڵام ستافی دەرهێنان هەمووی کوردانی خۆمان بوون.