شیڤان شێرزاد – هەولێر
پرۆگرامی دەنگی منداڵانی کوردستان Kurdistan’s kids voice نوێترین پرۆگرامە بۆ ئاشکراکردنی دەنگ و توانا شاراوەکانی منداڵانی کورد، کە لەسەر دەستی لێژنەیەکی باڵا لە هونەرمەندانی وەک “ئەیوب عەلی” و ئاراس فاتیح رەسول و سەید ئەحمەد رواندوزی هەڵدەبژێردرێن و دەبنە براوەی خەڵاتی پرۆگرامەکە و هونەرمەندی دواڕۆژ و ئەلبوومێکی هونەرییش لەسەر ئەرکی پێلیستانک تیڤی دەکرێتە دیاری یەکەمی ئەم بەرنامە هونەرییە، کە تا ئێستا خاوەنی زۆرترین بەشداربووە.
داروین وەیس سەرپەرشتیار گشتی و بەڕێوەبەری کەناڵەکە لەم دیمانەیەی (هەولێر)دا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دەتوانن لە رێگەی پرۆگرامەکەوە نەوەیەکی هونەردۆست پێشکەش بە گۆرانی و میوزیکی کوردی بکەن.
- بیرۆکەی پڕۆژەی پرۆگرامی Kurdistan’s kids voice چۆن گەڵاڵە کرا؟
کوردستانس کیدس ڤۆیس دەنگی منداڵانی کوردستانە وئەم بەرنامە لە ژێنری پێشبڕکێی میوزیکالە، لە دنیادا باوە و کەناڵی تەلەڤزیۆنی پێلیستانک وەرزی یەکەمی لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجام داوە و ئەوەیان وەرزی دووەمە. - چەند قۆناغ دەبێت و تا ئێستا خاوەنی چەند بەشداربووە؟
ئەم بەرنامەیە بە دوو قۆناغدا تێدەپەڕێت، قۆناغی یەکەم؛ لێکجیاکردنەوە، کە بە ئاودیشن ناو دەبرێت و قۆناغی دووەم کێبڕکێی سەر شانۆی گەورە یان شانۆی هەولێری پێدەگوترێت
بەشداربووان زۆرن، بەڵام لێژنەیەکی مامۆستای میوزیک پاڵاوتن دەکەن لە دوو هەنگاوداو ١٦ منداڵی دەنگ خۆش و بەهرەمەند دەدۆزنەوە و دەینێرن بۆ سەر شانۆی هەولێر بۆ کێبڕکێ. - ئەوانەی بە یەکەم و دووەم هەڵدەبژێردرێن چ خەڵاتێکیان پێ دەدرێت؟
براوەکانی کوردستانس کیدس ڤۆیس یەکەم، دووەم و سێیەمن؛ یەکەم؛ بڕی ١٠ ملیۆن دینار و سێ ساڵ خوێندنی بەخۆڕایی بۆ دابین دەکرێت و لەگەڵ دروستکردنی یەک ئەلبوومی گۆرانی، دووەم و سێیەم ئەلبوومی گۆرانییان بۆ دروست دەکرێت. - ئەیوب عەلی ڕۆڵی لەو پڕۆگرامەدا چیە؟
ئەیوب عەلی دادوەر لەو پڕۆژەیە هەروەک چۆن هانی و دەلیل و دیلانار دادوەرن، هەروەها هونەرمەند ئاراس فاتیح (ئاراسی خەپەگیان) پێشکەشکاری بەرنامەکەیە. - لێژنەی هەڵسەنگاندن لەسەر چ پێوەرێک بۆ بردنەوەی خەڵات و مانەوە دەستنیشانیان دەکات؟
لەسەر ئاستی هونەری و دەنگخۆشیی بەشداربووان. - لەم پرۆگرامەدا هونەرمەند دروست دەبێت یان تەنیا هەنگاوێکە بۆ ئاشکراکردنی دەنگە شاراوەکان؟
خۆشبەختانە لەم بەرنامەیە چەند هونەرمەندێک دروست دەبێت و چەند لاوەگەنجێک دەدۆزرێنەوە بۆ بەردەوامیدان بەو ڕێبازە نەمرە کولتووریەی نەتەوەی کورد و میوزیک و گۆرانی.