بەڕێوەچوونی ڕۆژی سینەمای کوردی بە چەند بڕگەیەکی هونەری لە پایتەختی ڕۆشنبیریدا

خولی چوارەمی یاد و ئاهەنگەکانی ڕۆژی سینەمای کوردی لەژێر ناونیشانی یڵماز گونەی، رێکەوتی ٩/٩ لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت و (هاوار مستەفا خان) سەرپەرشتی چالاکیەکانی ئەم ڕۆژە سینەماییەی کوردستان دەکات؛ لە لێدوانێکی بۆ “هەولێر” باس لە چالاکی و بڕگەکانی یادەکە دەکات و دەڵێت: وەک هەموو ساڵانی رابردوو لە ٩-٩-٢٠٢٣ خولی چوارەمی”یاد و ئاهەنگ”ـی رۆژی سینەمای کوردی لە شاری سلێمانی پایتەختی رۆشنبیریدا، بەڕێوە دەچێت.

بۆ ئەمساڵیش چەندین بڕگەی هەمەجۆر لەخۆ دەگرێت و، بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، بەم جۆرە:
یەکەم/ چاپکردنی ١٦ پەرتووك تایبەت بە سینەمای جیهانی و کوردی و عەرەبی. ناوەرۆکی پەرتووکەکان هەمەجۆرن، لە ناویاندا سێ بەرگ مێژووی سەد ساڵەی سینەمای جیهان هەیە. پەرتووک لەسەر رەخنەی سینەما و سینەمای ئەحمەد بەدرخان و عەلی بەدرخانی کوڕی و میوزیکی فیلم و توێژینەوەی زانستی کە نامەی ماستەرن تایبەت بە سینەمای کوردی و، هتد.
دووەم/ چاپکردنی چوار پۆستەرە ساڵنامەی یڵماز گونەی کە بەدریژایی مێژووی سینەمای جیهان ئەم ساڵنامەیە یەکەمینە لەسەر هونەرمەندێکی سینەماکار دادەمەزرێت.
لە پۆستەرەساڵنامەکانی ئەمساڵدا بەم جۆرە دابەش کراون: پۆستەرێك تایبەتە وەك یەکەمین ژنە وێنەگر لە مێژووی سینەمای کوردی و جووڵانەوەی رزگاریخوازی کوردستان. یەکێکی تر تایبەتە بە هونەرمەند ئەحمەد کایا.
پۆستەرەساڵنامەی سێیەم تایبەتە بە گۆمی فێڵاو، کە شوێنێکی سروشتی و گەشتیارەیە دەکەوێتە سنووری باڵەکایەتی لە هەولێری پایتەخت. پۆستەری چوارەم؛ تایبەتە بە هێزی نەرم، هونەر و کولتووری کوردی کە پێمان وایە سەرمایەی مانەوەی کورد و کوردستانە.
بڕگەی پۆستەرە ساڵنامە هەموو ساڵێک چوار دانەی هەمەجۆری لێ چاپ دەکرێت، هەموو ساڵێكیش چوار کەسایەتی بەر لە بڵاوکردنەوەی پۆستەرە ساڵنامەکان، پەردە لەسەر ساڵنامەکان لا دەدەن و هەر یەك واژووی خۆی لەسەر پۆستەرەساڵنامەیەک دەکات و ناوی خۆی و رۆژی واژۆکردنەکەش دەنووسێت. دوای ئەوە هەریەك لەوانەی واژیان کردووە، دانەیەك لەو پۆستەرەی پێشکەش دەکرێت و بەمەش وا رادەگەیەنرێت، کە پۆستەرەکان بڵاو بوونەوە.
ئەو پۆستەرانەش، کە واژۆیان لەسەر دەکرێت، لە ئەرشیفی (هاواری فیلم) هەڵدەگیرێت تا ئەوکاتەی مۆزەخانەیەکی تایبەت بە یڵماز گونەی دەکرێتەوەو دواتر لەوێ هەڵدەگیرێن.
سێیەم/ بڕگەیەکی تر تایبەتە بە پێشانگەی پەڕتوکی سینەما و ئەدەبیاتی یڵماز گونەی بە زمانی شیرینی کوردی ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، ئەمەش دووەم ساڵە و ساڵانە بە چاپکردنی پەڕتوکی نوێ درێژەی دەبێت.
چوارەم/ بڕگەیەکی تر تایبەتە بە: (زیادکردنی ئاشکرا تێیدا بۆ یەکەم جار لە کوردستاندا و بە ئامادەبوونی سەرمایەگوزار و هونەرمەند و هونەردۆستان، زیادکردنی ئاشکرا بۆ تابلۆیەکی یڵماز گونەی دەکرێت، کە لەلایەن هونەرمەندێکی کوردەوە کێشراوە و لەو بڕگەیەدا تابلۆکە بەنرخێکی دیاریکراو دەست بە زیادکردنی ئاشکرای دەکرێت، کێ زۆرترین پارەی بە تابلۆکە دا، ئەوە تابلۆکە دەبێتە مڵکی ئەو. هەر لەو بڕگەیەدا لە تاقیگە بە هەمان قەبارەی تابلۆکە ٥٠ بە ٧٠ سم لەسەر بلۆك دانەیەك رادەکێشرێت و ئەو کەسەی تابلۆ ئۆرگیناڵەکە دەکڕێت، واژووی خۆی لەسەر ئەو کۆپیەی ئێمە دەکات و لای خۆمان دەپارێزرێت.
پێنجەم/کردنەوەی پیشانگایەکی تایبەتی کاریکاتێرە لەسەر یڵماز گونەی.
شەشەم/ بڕگەیەکی تر تایبەت دەبێت بە پانێڵ لەسەر کەرتی سینەما و درما، کە باس کردنە لەسەر گۆڕینی ناو و ناوەڕۆکی وەزارەتی رۆشنبیری لە وەزارەتێکی بەکاربەرەوە بۆ وەزارەتێکی وەبەرهێن.
حەوتەم/ ئەم بڕگەیەش تایبەت دەبێت بە راگەیاندنی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی یڵماز گونەی و وا بڕیارە یەکەم خەڵاتی ئەمساڵ بە فۆرمە نوێیەکەیەوە بدرێت بە نووسەر و ڕۆماننووس و وەرگیڕی ڕەوانشاد ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل کە لە دوو ساڵی رابردوودا ٩ پەرتووکی لە ئەدەبیاتی یڵماز گونەی لەسەر داوای ئێمە لە تورکییەوە کردە کوردی و سەرقاڵی وەرگێڕانی رۆمانێکی تریش بوو، نیوەی تەواو کرد و ئەوەی تر مەرگ دەرفەتی نەدا؛ ئێمە نیازمان وایە تەواوی بکەین و لەپای ئەو کۆششە گەورەیە یەکەم خەڵات لەگەڵ راگەیاندنیدا بیبەخشینە گەوهەرەکەی وەرگێڕان.