ئاوازە كوردییەكان، كۆنترین بەرهەمە لەسەر موزیكی كوردی نووسرابێت

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

بە پێی ئەو بەدواداچوونەی كە دامەزراوەی ماڵی كتێبی كوردی کردوویەتی (ئاوازە كوردییەكان) دەبێتە یەكەمین كتێب كە لەسەر موزیكی كوردی نووسرابێت.

دامەزراوەكە لە توێژینەوەیەكدا ئاماژەی بەوە داوە كە “ئاوازە كوردییەكان” بریتیە لە كۆمەڵێك گۆرانیی فۆلكلۆری كوردی، كە لە لایەن قەشە، مۆسیقازان و ئاوازدانەری ناسراو و بلیمەتی ئەرمەنی “كۆمیتاس ڤارداپێت” لە توێژینەوەیەكی مەیدانیدا كۆ كراوەتەوە و پاش دەنگنووسیی ئاوازەكان لە كوردییەوە بۆ سەر زمانی ئەرمەنی و فەرەنسی، لە دیسەمبەری ١٩٠٣دا لە دووتوێی ٢٠ لاپەڕەدا لە مۆسكۆ لە چاپ دراوە و بڵاو كراوەتەوە. وێڕای كۆكردنەوەی ژمارەیەكی زۆر ئاوازی كوردی، زۆربەیان فەوتاون و “ئاوازە كوردییەكان” تاكە بەرهەمی كۆمیتاسە لەسەر گۆرانیی كوردی و هەروەها یەكەمین بەرهەمی چاپكراوە سەبارەت بە مۆسیقای كوردی.
ئەم دامەزراوە لە توێژینەوەكەیاندا ئاماژەیان بەوە داوە كە كۆمیتاس لە تۆماركردنەكەیدا پێكهاتەی ڕەسەنی گۆرانییەكانی پاراستووە و پابەندە بە داڕشتەی تایبەتیی ئاوازی كوردییەوە. زۆربەی گۆرانییەكان، حەماسین. كۆمیتاس، هیوای تۆماركردن و پاراستن و خستنە بەردەستی میراتی نەتەوەیی مۆسیقای خەڵكی كوردی هەبوو. لەم ڕووەوە، هەوڵی دا پشت بە ڕەسەنایەتی ببەستێت و بۆ ئەم مەبەستەش، زۆر حەزی لە كۆكردنەوەی گۆرانی لە نێو شارەكاندا نەبوو، چوونكە بە ناڕەسەنی دەزانی و، زۆرترین كاتی خۆی لە گوندەكان و لە نێو خەڵكە گوندنشینەكاندا تێپەڕ دەكرد. كۆمیتاس پێش گەڕانەوەی بۆ شاری ئیچمپادزین لە ١٨٩٩دا، دەستی كرد بە كۆكردنەوەی گۆرانییە كوردییەكان.