دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

محەممەد سالم کۆنسێرتێک لە دهۆک ساز دەکات

شیڤان شێرزاد
محەممەد سالم، سوپەر ستاری عێراقی، بۆ یەکەمین جار کۆنسێرتێکی خێزانی لە شاری دهۆک بۆ هەوادارانی سازبکات.
لەمبارەیەوە ئەحمەد عێراقی، سەرپەرشتیاری کۆنسێرتەکە، رایگەیاند، بەخۆشحاڵییەوە لەسەر بانگهێشتی ئێمە، هونەرمەندی نێوداری عێراقی، محەممەد سالم بۆ یەکەمین جار لەشاری دهۆک کۆنسێرتێکی خێزانی ئەنجامدەدات، کە یەکێک دەبێت لە کۆنسێرتە گەورەکان و ژمارەیەکی زۆر لە هەوادارەکانی لەم کۆنسێرتە ئامادە دەبن، کە بەشێکی زۆر لە تکتەکان فرۆشراون و ژمارەیەکی کەم لە بلیتەکان ئێستا بەردەستە.
محەممەد سالم، ناوی تەواوی “محمد سالم ابراهيم بكر التكريتیە” لە ساڵی 1987 لە بەغدا لە دایکبووە، لە ساڵی 2006 دەستی بەکاری گۆرانی گوتن کردووە، هاوژینەکەی خەڵکی کوێتە و کچێکی هەیە بەناوی ماسە، لە ساڵی 2009 زیاتر لە نێو کاری هونەری ناوبانگی دەرکرد، بەڵام بە گۆرانی گەلب گەلب زیاتر لە نێو خەڵکدا ناسرا. ئێستا خاوەنی حەوت ئەلبوومی گۆرانییە،لەگەڵ چەندین هونەرمەندی بەناوبانگ دوێتی تۆمار کردووە، دوایین دوێتی لەگەڵ هێلی لەڤ بووە، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە. محەمەد ساڵم یەکێکە لەو هونەرمەندە عەرەبانەی زۆرترین بینەری لە چەناڵی یوتیوبی خۆی هەیە، کە نزیکەی دوو ملیار ڤیوی هەیە، ئەمەش وایکردووە لە پێش هونەرمەندان کازم ساهیر و ماجد موهەندس و چەندین هونەرمەندی ناوداری عەرەبییەوە بێت لە زۆرترین ڤیوی یوتیوب.