هونەر بندیان: تەکنەلۆژیا نەبا، دەیان گۆرانیبێژی ئەو سەردەمە نەدەبوون

گۆرانیبێژ هونەر حەسەن ناسراو بە هونەر بندیان ساڵی ١٩٧٥ لەدایک بووە؛ سەرەڕای ئەوەی خاوەنی زیاتر لە ١٥ بەرهەمە، چەند تێکست و ئاوازێکیشی داوەتە هونەرمەندان. وەک خۆی لەم دیمانەیەیدا تایبەت بە “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ: تەکنەلۆژیا نەبا، دەیان گۆرانیبێژی ئەو سەردەمە نەدەبوونێ.

گۆرانیبێژ هونەر بندیان باس لە کارە هونەرییەکانی دەکات و دەڵێ: ساڵی ١٩٩٤ دەستم بە کاری هونەری کردووە، یەکەم بەرهەمم گۆرانییەک بوو بە ناوی “هەرەس”، 

دوا بەرهەمیشم گۆرانییەک بوو بە ناوی “مەرگی دایکم”. خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمم لەوانە: هەرەس، هۆ کچەکان، هەولێرییە، دوابڕیار، ئەشقی ئێمە، هۆبانە، نەکەی بڕۆی، ئێستاش چاوەڕێم بێیتەوە، گوڵەبەلەرزانە و، بە یادی تۆوە دەژیم. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ئاواز و تێکستم داوەتە گۆرانیبێژانی وەکو سەرباز سنجاوی و ئەندام محەمەد و ئیبراهیم ئیسماعیل و بەختیارە سوور و هی تریش.

 هونەر بندیان زیاتر ئاماژەی پێ دا و دەڵێ، هونەرمەندانی ئێستا دەنگبێژن نەک هونەرمەند، چونکە تەنیا دەزانن لاسایی هونەرمەندانی تر بکەنەوە، تەکنەلۆژیا نەبێت، دەیان گۆرانیبێژی ئەو سەردەمە نامێنن. من هونەرەکەمم خۆش دەوێت و دەمەوێ خۆم بم، هونەری کوردی جگە لە خۆشەویستی چی تری پێ نەبەخشیوم، خۆشەویستی هونەرەکەم تاکە سەرمایەی منە. دانیشتەکانم بازرگانیە، بەڵام شتی شاراوەم زۆرە. دەیان پڕۆژەم هەیە بەڵام نایکەم.چونکە پێم وایە لەم وڵاتە شتێک نییە بە ناوی پڕۆژە، هەمووی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە.

هونەر بندیان لە دوا پەیامیدا دەڵێ: دوا پەیامم ئەوەیە، من نیشتمانەکەمم خۆش دەوێت، هیوادارم بتوانین زمان و کولتوور و هونەری ڕەسەنی کوردی بگەڕێنینەوە، چونکە بەداخەوە خەریکە هونەرەکەمان دەکرێتە تورکی و فارسی.

لە کۆتاییشدا دەمەوێ بڵێم، چەند ساڵێکە وازم لە هەموو کەناڵ و ڕۆژنامەکان هێناوە؛ دوای چەندین ساڵ یەکەم جارە قسە بۆ “ڕۆژنامە” بکەم؛ سوپاستان دەکەم لە رۆژنامەی هەولێرەوە بەسەرتان کردمەوە.