سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە گیانلەدەستدانی هونەرمەند میهران ئەنوەر بۆ کوردستان24، ئاشکرا کرد کە رۆژی (20ـی تەمموزی 2023) تەرمەکەی لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری هەولێر دۆزرایەوە.
رۆژی شەممە (22ـی تەمموزی 2023)، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە هۆکاری گیانلەدەستدانی هونەرمەند میهران ئەنوەر، خۆکوشتن بووە.
سەرچاوەکەی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە، بۆیان دەرکەوتووە، ئەو گوللـەیەی بە جەستەی ئەو هونەرمەندەوە بووە، خۆی تەقەی لە خۆی کردووە نەک لەلایەن کەسێکی دیکەوە کوژرابێت.
رۆژی پێنجشەممە (20ـی تەمموزی 2023)، تەرمی هونەرمەند و سیناریستی بواری سینەما میهران ئەنوەر لە هۆتێلێکی شاری هەولێردا دۆزرایەوە و دوای رووداوەکەش پۆلیسی هەولێر دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد.
لە هەمان رۆژدا، کوردستان24 بۆ بەدواداچوون و هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەم هونەرمەندە پەیوەندی کرد بە شوان مەسیفی هاوڕێ و کەسی نزیک لە خانەوادەکەی و رایگەیاند: میهران ماوەیەکە بەهۆی سەختی بارودۆخی ژیانەوە تووشی چەند گرفتێکی کۆمەڵایەتی بووەتەوە و بەو هۆیەوەش رۆژێک پێش رووداوەکە، ماڵەکەی جێهێشتووە و چووەتە هۆتێلێکی شاری هەولێر.
میهران ئەنوەر جگە لە نووسین لە بواری شیعردا، نووسەری چەندین کورتە فیلم و کاری هونەری بووە و بەشداری لە چەندین کاری هونەریدا وەک ئەکتەر کردووە، بە گوتەی کەسە نزیکەکانیشی کاری لەسەر ئامادەکردنی چەند پرۆژەیەکی هونەری کردووە.