دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

گۆرانییەکی خانمە هونەرمەندێكی عەرەب بۆ پێشكەوتنەكانی كوردستان

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

خانمە هونەرمەندی ناوداری عەرەب، ئەسیل هەمیم، كە لەبەر شۆخ و شەنگییەكەی بە (قیسارەی عێراق) ناسراوە، لە تازەترین كاری هونەریی خۆیدا بەرهەمێكی بە ناوی (خۆشترین شوێن) بڵاو كردەوە، ئەم بەرهەمە تێكستەكەی، (محەمەد واسف) نووسیویەتی و ئاوازەكەی (عەلی هەمیم) دایناوە.

لەم بەرهەمەیدا ئەسیل باسی ئارامی و ئاوەدانی و خۆشی و پێشكەوتنەكانی كوردستان دەكا. لە ماوەیەكی كورتدا ئەم گۆرانییە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە ملیۆن بینەری هەبووە؛
ئەم بەرهەمەی ئەسیل كلیپی بۆ كراوە، ژمارەیەكی وێنە و گرتەڤیدیۆیی تایبەتی بە هەرێمی كوردستانی تێدایە، كە ئاماژەن بۆ پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەسیل لەو گۆرانییەدا دەڵێت: با كاتە خۆشەكانمان لە كوردستان بەسەر بەرین؛ ئەو كوردستانەی گەلێك شیرینە و ئەو كورستانەی وەكو بەهەشت وایە.
ئەسیل هەمیم بە ماوەیەكی كەم توانیویەتی خۆی لە هونەردا بسەلمێنێت، ئەمەش بۆ ئەو ستایلە سەرنجڕاكێشەی دەگەڕێتەوە كە لە گۆرانیدا هەیەتی؛ هەندێك لە گۆرانییەكانی ئەو خانمە هونەرمەندە زیاتر لە ٣٠٠ملیۆن بیینەری هەبووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.
ئەسیل كچی كەریم هەمیم موزیكژەنی عێراقی، ساڵی 1984 لە شاری بەغدادا لەدایك بووە؛ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا خاوەن ژمارەیەكی یەكجار زۆری فۆلۆوەر و سەبسكرایبەرە.
بەشداری لە بەرنامەی ئەستێرەكانی عەرەب لە كەناڵی MBC 1 لەگەڵ تیمی عەرەبی لێڤانت كردووە. تاكە گۆرانییەكی بە ناوی “بیلانی زەمانی” بڵاو كردبووەوە، هەروەها بەشداری لە ژمارەیەك درامای تەلەفزیۆنیدا كردووە.