دووەمین دیداری ڕۆشنبیری و هونەری ئەزمەڕ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەڕێــوەبەرایـەتی هــونــەری شێــوەکــاری و لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، بە بەشداری هونەرمەندانی کورد و عەرەب دەست بەکارەکانی کرد.
لە دەسپێکی چالاکییە هونەرییەکانیشی دا پێشانگایەکی هاوبەش بۆ هونەرمەندانی کورد و عەرەب بە چاودێری (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و جێگرەکەی لە گەلەریی میدیا کرایەوە.
لە پێشانگا شێوەکارییەکەدا چەندین تابلۆی جوانی سروشت و رووداوە کۆمەڵایەتیەکان و ئازارەکانی کۆمەڵگە بە خامە ڕەنگاوڕەنگەکانی شێوەکاران نمایش کران، هەر لە چوارچێوەی ئەم پێشانگایەشدا فۆتۆگرافەرانی بە ئەزموون هاوشانی پەیکەرتاشانی چەندین گرتەی ناوازەیان نمایش کرد، کە زیاتر لە مانایەکیان بۆ ژیان هەڵگرتبوو، ببوون بە جێی سەرنجی میوانانی دیدارە هونەرییەکە.
ئامانجیش لە بەڕێوەچوونی دیدارەکەدا نزیکبوونەوە و گرێدانی ژووانێکی هونەرییە لە نێوان هونەرمەندانی کورد و عەرەب و گەڵاڵەکردنی چەند پڕۆژەیەکی هونەریی هاوبەشە، کە زەمینە خۆشکەرە بۆ کاری پێکەوەیی و بەرز ڕاگرتن و داهێنان لە بوارە هونەرییەکاندا.
جێگـەی باسـە، دیـدارەکـە بــە سـەرپـەرشـتی هـەریـەک لە (رەنـا ئـەحمـەد و سـەعـــد مەحمــود) و بە هـەمـاهـەنگی لـەگـەڵ (هیوا سوعاد) سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و (ئــازاد لـەشـکــری) بـەڕێـوەبـەری هـونەری شـێـوەکـاری هـەولێـر بـەڕێـوەچـوو.
لە کۆتایی چالاکیەکانی دیدارەکەشدا بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەش بە دەستەیەک لە هونەرمەندانی بەشداربوو کرا، هاوکات سەرپەرشتیاری دیدارەکەش قەڵغانی ڕێزلێنانی بەخشیە هیوا سوعاد سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان