فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر كچەكوردێك پلەی نایابی پێ دەدرێت

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

فیلمێكی دیكیۆمێنتاری كە دەربارەی كچەکوردێکی دەنگخۆشی خەڵكی شاری دیاربەكری باكووری كوردستانە لە فێستیڤاڵەفیلمی كراكۆڤدا خەڵات كرا كە كۆنترین فێستیڤاڵی هونەرییە لە پۆڵەندا.

هەفتەی رابردوو ئاهەنگی كۆتایی فێستیڤاڵی فیلمی كراكۆڤ بەڕێوە چوو و خەڵات پێشكەش كرا؛ لە ناو 240 فیلم خەڵاتی باشترین فیلم بەخشرایە فیلمی (ناوی من بەختەوەرییە) بوو لە دەرهێنانی نیك ڕید و ئایشە تۆرپاك.
فیلمەكە دەربارەی كچیكی كوردە بە ناوی موتڵو كایا لە پێشبڕكێیەكی دەنگخۆشیدا لە یەكێك لە كەناڵە جیهانییەكان بەشداری دەکا و، لەبەر دەنگە خۆشەکەی و جوانییەكەی زوو ناوبانگی دەرکرد بەڵام، لە رۆژی 18-5-2015 لە ماڵەكەی خۆیدا کەوتە بەر پەلامار و، دەستگیرانەكەی دەستڕێژی فیشەکی پێدا هێنا و چەند گوللەی بەر سەریەوە نا؛ کچە، زۆر بە سەختی بریندار کەوت و، چیرۆكی بریندارکەوتنەکەی لە میدیاكانی جیهاندا دەنگی دایەوە؛ موتڵو نەمرد، بەڵام كەمئەندام کەوت؛ موتڵو دوای ئەو ڕووداوە ناخۆشە، كۆڵ نادات و دەست دەکای بە شەڕ و هەڵمەتی باشتركردنی دۆخی ژنان.
ڕەخنەگرانی هونەری پێیان وایە كە هێز و پێزی ئەو فیلمە دیكۆمنێتاریە و، ئەو خەڵاتانەی كە بەدەستی دەهێنێت ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی فیلمەکە بپاڵوێرێت بۆ خەڵاتی ئۆسكار، هەروەها دەبێتە سەكۆیەكیش بۆ گەیشتنی دەنگی ئافرەتی زڵملێكراوی كورد و گەیاندنی كێشە كۆمەڵایەتییەكانی بە ناوەندەكانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا.
زیاد ڕەئوف كە كەسایەتییەی كوردی ناسراوی دانیشتووی وڵاتی پۆڵەندایە لە دەرگاژەنانە (رێوڕەسمی كردنەوە) و لە كۆتاییدا بەشداری كرد، ساڵانێكی زۆرە ئەو كەساییەتیە كوردە یەكێكە لە سپۆنسەرەكانی ئەم فێستیڤاڵە سینەماییە بەناوبانگە و پشتگیریەکی بەردەوامی لێ دەكات.
فێستیڤاڵی سینەمایی فیلمی كراكۆڤ فێستیڤاڵەهونەرێکی هەرە کۆنی وڵاتی پۆڵەندایە، ئەمساڵ ٦٣هەمین خولی بوو