بان سەڵاح وێنەیەکی قەڵای هەولێری لە بڕونز کێشراوی لە پێشانگایەکدا نمایش کرد

شیڤان شێرزاد – هەولێر

خانمە هونەرمەندی دەست ڕەنگین، (بان سەڵاح) پێشانگایەکی تایبەتی هێلکاری و چنین و نەخشەڕێژی و هونەری خۆشنووسی لە ماجدی گڕاند کردەوە، کە چەند بەرهەمێکی دەستی و چەند تابلۆیەکی هونەری خۆشنووسی و چنینکاری لەخۆوە گرتبوو.

لە پێشانگاکەدا بان سەڵاح، بەشێوەیەکی هونەری کاری لەسەر نەخشاندنی قەڵای هەولێر و چەند دێڕێک کردبوو، کە گوزارشت بوون لە خۆشەویستی هەولێر و دایک و باوکانی دنیا.
لە لێدوانێکی بۆ (هەولێر) گوتی: پێشانگاکەم، دووپاتکردنەوەی ئەو خۆشەویستیەیە، کە بۆ شارەکەم و جوانیی و ڕەمزەکانی ئەو شارەیە، بۆیە منیش بە هێلە بڕۆنزییەکان ناوی هەولێر و دایک و باوکم کێشاوە، هەروەها چەند تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگم چنیە، کە ئەمەیان کارێکی سەختە، چونکە کاری دەستی و چنینەوەی وشە زۆر لە نیگارکێشان زەحمەترە و ماندووبوونێکی زۆری دەوێت، بەڵام من لە پێناو خۆشەویستیم بۆ هەولێر هەست بە ماندووبوون ناکەم و هەوڵیشمداوە داهێنانێک لە هونەری خۆشنووسیشدا پێشکەش بکەم.
جێگەی باسە، لە چوارچێوەی پێشانگاکەدا چەپکە گوڵی ڕێزلێنانی هونەرمەند فەرهەنگ غەفوور وەک بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر پێشکەش بەو هونەرمەندە کرا