بەیان زەریفێ، ژیانی سەردەمی منداڵی ‌و مێژووی كارە هونەریەكانی بۆ دەگێڕێتەوە

مەزهەر كەریم – سلێمانی

هونەرمەند بەیان ڕەشید ناسراو بە بەیان زەریفێ، ماوەی چل ساڵە بەردەوام خزمەتی شانۆ و دراما و فیلمی كوردی دەكات لەم گفتوگۆیەی بۆ “هەولێر” دەڵێت: تا مردن بەردەوام دەبم لە كاری هونەری نوێترین كاری هونەریم لەمساڵدا بەشداریكردن بووە لە دوو شانۆگەری بە ناوەكانی (پینە نەلكاوەكان) و (مردن لە چواروەرزدا) .

لەم ئیمساڵەدا سەرقاڵی چی كارێكی هونەری بوویت؟

  • لە مانگی دووی ئەمساڵدا لەگەڵ تیپی شانۆی كەمئەندامان لەشاری سلێمانی، بەشدار بووم لە شانۆگەری (پیتە نەلكاوەكان) دەرهێنانی ئاسۆ نووری سەلیم، دارۆ عەزیز كاری نووسینی بۆ كردبوو؛ هەروەها لە مانگی سێدا بەشدار بووم لە شانۆگەریەك لە ڤیستیڤاڵی شەباب لە شاری قنە لە میسر بە ناوی (مردن لە چواروەرزدا) پێشوازیەكی زۆر گەرمان لێ كرا.

یادگاریەكانی منداڵیت لە گەڕەكی مەڵكەندی لە شاری سلێمانی چیت بیر دەخەنەوە؟

  • لە گەڕەكی مەڵكەندی ‌و شەقامی پیرەمێرددا، كە یەكێكە لە گەڕەكە دێرینەكانی شاری سلێمانی، چاوم بە دنیا هەڵهێناوە؛ بە ئێستاشەوە ڕۆژانە دەچمە گەڕەكی مەڵكەندی، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئارامی بە ڕۆحم دەگەیەنێت. یادگاریەكانی منداڵیشم زۆرن لەو گەڕەكەدا وەك ماڵەباجێنە و چێشتەقولێ، كە لێنانی شلە و برنجە لە مەنجەڵی بچوكدا، پاشان هەر لە منداڵیدا ‌و لە ماڵەوە لەگەڵ ژیانی خوشكم و، سۆزانی ئامۆزامدا لاسایی ئەكتەرە مسیری ‌و هێندیەكانمان دەكردەوە؛ ئەوكات فیلیمی كوردی نەبوو كاری نواندن هیوایەتی منداڵیم بووە.

بۆ یەكەم جار چۆن بوو دەستت كرد بەكاری نواندن؟

  • هێشتا منداڵ بووم لە پۆلی پێنجی سەرەتایی بووم، لەو ساڵەدا كۆبوونەوەی دایكان كرا لە قوتابخانەكەمان؛ مامۆستا داوای كارێكی شانۆییی لە قوتابیەكان كرد، منیش لەگەڵ سێ كچی دیكە كە هەرسێكیان خوشك بوون بەشداری یەكەم كاری شانۆییم كرد؛ هەرگیز بیرم ناچێتەوە، پاش ساڵێك لە ڤیستیڤاڵی قوتابخانەكان بەشدار بووم بە وتنی: گۆرانیەكی قادر دیلان بە ناوی (ڕوومەتی وەك گوڵی بێگەرد) لە دوایی ئەو گۆرانیە هونەر و كاری هونەری لە ناخمدا دروست بوو.

وشەی زەریفێ لەگەڵ ناوەكەت هەڵگرتووە ئەم ناوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

  • زەریفێ ناوی دایكی باوكمە، دایكی باوكم دوو كوڕی هەبوە بە ناوەكانی ساڵح ‌و ڕەشید، كاتێك باوكیان دەمرێت بە ناوی دایكیانەوە زەریفێ بانگ دەكرێن منیش كاتێك چوومە ڕاگەیاند‌ن و تەلەفزیۆن، بە بەیان ڕەشید زەریفێ بانگ دەكرام، بەڵام دواتر بیرم لە لەقەبی زەریفێ كردەوە چوكە تایبەت بوو بە خێزانەكەمان بۆچی زیندووی نەكەمەوە بۆیە بە ناو خۆم كرد بە بەیان زەریفێ.

باسی ئەوەشمان بۆ بكە چۆن بوو بۆ یەكەم جار لە سەرەتای هەشتاكاندا چوویتە پەیمانگای هونەرە جوانەكان؟

  • ساڵی هەشتا كاتێك پەیمانگای هونەرە جوانەكان لە شاری سلێمانی كرایەوە، چوومە چالاكی قوتابخانەكان لە قوتابخانەی خالیدیە لە گەڕەكی سەركارێز جەلال عەزیز بەڕێوەبەری قوتابخانەكە بوو، هونەرمەند جیهاد دڵپاكی دیاری كرد تا پرۆڤەم پێ بكات، ئەویش دەوری پیرەێژنێكی دامێ لە شانۆگەریی پردی (ئارتا)دا کە لە حەفتاكاندا پێشكەش كرابوو؛ منیش چومە پەیمانگا دەورەكەم بۆ لیژنەكە بینی، لیژنەكە مامۆستا ئەحمەد سالار و بەدیعە دارتاش ‌و حیكمەت هیندی و كەمال ڕەئوف هەنجیرە بوون زۆریان بەدڵ بوو ئیتر ئەوە بوو دەرچووم و چوومە پەیمانگا.

لەم ساڵانەی دواییدا، ماوەی شەش ساڵ لە كاری هونەری نواند دوور كەوتیتەوە، بۆچی؟

  • ساڵی ٢٠١٠ داوایان لێ كردم بۆ بەشداری فیلمێك لە شاری هەولێر، منیش بەشدار بووم لە چاكسازی ژنان‌ و منداڵان لەو شارەدا دوو دیمەنی فیلمەکەمان وێنەگرت ‌و، ئەوە بوو قاچم شكا بەو هۆیەوە ماوەی ساڵ ‌و نێوێك بۆ دوو ساڵ نەمتوانی كار بكەم؛ پاشان كۆلێژی هونەر بەشی فیلمسازی كراوە لە زانكۆی سلێمانیدا، بۆ ماوەی چوار ساڵیش بەردەوام بووم لە كاری وێنەگرتنی كورتەفیلم لە زانكۆی سلێمانی؛ ئەوە بوو بۆ ماوەی شەش ساڵ لە كاری هونەری گشتی ‌و سەرشاشە دوور كەوتمەوە.

باسی ئەوەشمان بۆ بكە گۆرانییشت بۆ منداڵان چڕیوە‌ و دەنگت خۆشە؟

  • لە سەرەتای هەشتكاندا پەیمانگای هونەرە جوانەكانم تەواو كرد؛ خۆم ‌و خوشكەكەم بووین بە مامۆستا لە شارۆچكەی دووكان؛ هەرچی چالاكی هونەری منداڵان هەبوو لەو شارۆچكەیە ئێمە پێشكەشمان دەكرد؛ پاشان لە ماوەی ساڵێكدا لە شارۆچكەی ئەڵایی چەندین شانۆگەری و گۆرانیی منداڵانم پێشكەش كرد؛ ئەمە وای كرد گۆرانی بۆ منداڵان بڵێم دەنگیشم خۆش بوو. لەپاش چەند ساڵێك مامۆستا حەمە ڕەزا داوایی لێكردم بە تەنسیب بێمەوە ناوشار و لە باخچەی ساوانی سلێمانی دەوام بكەم مامۆستا وولیم یوحەنا سەرپەرشتیی كارەكانی دەكرد؛ ئەو گۆرانیەكانمی زۆر بەدڵ بوو كە بۆ منداڵانم دەوت؛ بۆیە داوای لێ كردم فێری ئامێری پیانۆ ببم؛ ئەوە بوو لای مامۆستا خالید سەركار فێری ئامێری پیانۆ بووم؛ خاوەنی ٢٧ گۆرانی منداڵانم.

بۆچی هەر گۆرانی منداڵانت هەیە؛ ئارەزووت نەكردووە گۆرانی بۆ گەورانیش بڵیت؟
حەز ناكەم گۆرانی بۆ گەورەكان بڵێم؛ زۆر ئارەزوو دەكەم گۆرانی بۆ منداڵان بڵێم، بەڵام لە كاتێكدا لەگەڵ خزم ‌و كەسوكارم دەچمە سەیران گۆرانیە فلكلۆریەكان دەڵێمەوە، وەك ئەو گۆرانیەی هونەرمەند محەمەدی ماملێ بە ناوی (تۆ بەڵێنم پێ بدە) یان گۆرانیەکەی هونەرمەند ئیبراهیم خەیات بە ناوی (بۆ ڕەنجەڕۆت كردم) یان گۆرانیەكانی هونەرمەند قادر كابان دەڵێمەوە.