هونەرمەند دڵشاد كوێستانی هەم سەرقاڵی پێشانگایە هەم دراما و كلیپ

هونەرمەند دڵشاد كوێستانی، سەرەڕای ئەوەی سەرقاڵی كردنەوەی پێشانگای شێوەكاریە، خەریکی چڕین و بەشداریكردنە لە درامایشدا.

هونەرمەند دڵشاد كوێستانی کە لە وڵاتی فەرەنسا نیشتەجێیە، ساڵی رابردوو بۆ پڕۆژەیەكی شێوەكاری گەڕاوەتەوە كوردستان؛ ئەو سەفەرەی قۆستووەتەوە بۆ بەشداری لە درامایەكدا و گۆرانییەكیشی تۆمار كردووە.

لە چەند رۆژی رابردوو هونەرمەند دڵشاد كوێستانی نوێترین پێشانگای خۆی بە ناوی (بەهارم دی) لە مۆزەخانەی نیشتمانی (ئەمنە سوورەكە)ی شاری سلێمانی كردەوە؛ كوێستانی لە چاوپێكەوتنێكی (هەولێر)دا وردەكاری كارەكانی باس كرد. 

هەولێر: سەرەتا بۆچی پێشانگاكەت ناو ناوە (بەهارم دی)؟

دڵشاد كوێستانی: من هەموو پێشانگایەكم ناوی هەبووە، ئەمەش بۆ ئەوەیە ئەمساڵ زیاتر لە ناو بەهاردا مامەوە و سروشتێكی زۆر جوان بوو، چونكە یەكەم جارم بوو زۆرترین كات بەرامبەر سروشت دانیشم و دواتر تابلۆ بكێشم.

هەولێر: ئەمجارە بەتایبەت بۆ ئەم پێشانگایە هاتیتەوە؟

دڵشاد كوێستانی: نەخێر، سەرەتا ساڵی رابردوو بۆ پێشانگایەكی سیمپۆزیۆم هاتمەوە، ئینجا لەگەڵ ستافێك بۆ درامایەك گرێبەستم هەبوو ئەوەمان كرد، جا گۆرانییەكم تۆمار كرد و چاوەڕێم كلیپێكی بۆ بكەین كە لە تێكست و ئاوازی خۆمە، پاشان بیرۆكەی پێشانگاكە هاتە پێشەوە، دوایی لە درامایەكی دیكەشدا بەشدار بووم كە رۆڵی (پیرەمێرد)ی شاعیرم بینیوە، ئیشمان تێدا كردووە و چاوەڕێی مۆنتاژین.

هەولێر: تابلۆكانی ئەم پێشانگایەت هەر لە ناو سروشتدا یان بە خەیاڵی خۆت كێشاوە؟

دڵشاد كوێستانی: لەنێو سروشتیشدا هەندێك كارم تێدا كردوون، بەڵام دواتر وردەكارییەكانی دیكەم تەواو كردوون، من زۆربەی كارەكانم لەسەر سروشت بوون.

هەولێر: هۆكار چییە ئەوەندە هۆگری سروشتی؟

دڵشاد كوێستانی: لەو باوەڕەدام ئەگەر كوردستان وڵاتی هەر كەسێك بێت هەر دەبێت بیر لە سروشت بكاتەوە.

هەولێر: بۆچی لە تابلۆكانتدا چەند رەنگێكت بەكار هێناوە؟

دڵشاد كوێستانی: من هیچ كاتێك تەنها رەنگێك بەكار ناهێنم، لەبەرئەوەی بە شێوەكارێك ناسراوم كە گرنگییەکی زۆر بە رەنگ دەدەم واتە داڕشتنەوەی رەنگ، تەنانەت لە جلوبەرگیشدا حەزم لە رەنگاوڕەنگە.

هەولێر: نزیكەی ٣٠ تابلۆت لە پێشانگاكەدا راناوە، هەمووی ئەمجارە كێشراون؟

دڵشاد كوێستانی: نەخێر ئەمجارە ١٠ تابلۆیان لە ماوەی دوو مانگ كێشاومە، بەڵام ئەوانەی دیكە پێشتر كێشراون.