چایخانەی شەعب؛ شوێنی كۆبوونەوەی ڕۆشنبیران‌ و هونەرمەندان‌ و نووسەرانی سلێمانی

مەزهەر كەریم – سلێمانی

چایخانەی شەعب ماوەی حەفتاوسێ ساڵە بۆتە شوێنی بەیەكگەشتن‌ و حەوانەوەی هونەرمەندان‌ و نووسەران‌ و رۆشنیران‌ و خوێندەواران لەناو بازاڕی شاری سلێمانیدا.

عومەر شەریف چایچی لە چایخانەی شەعب بە”هەولێر”ی وت: ئەو كەسانەی دێنە چایخانەی شەعب، نووسەر و رۆژنامەنوس‌ و ڕۆشنبیر و هونەرمەند‌ و شاعیر و خوێندەوارن بە مەبەستی ڕاگۆڕینەوە گفتوگۆ‌ و دیدەنی. دەڵێ: هەر لە سەرەتای دروستبوونی چایخانەكەوە شوێنێكی تایبەت بووە بۆ سەرجەم چین‌وتوێژەكان؛ كەسانێكی ناسراوی وەك حەمەساڵح دیلان‌ و ئەحمەد هەردی‌ و ئەخۆل‌ و شێركۆ بێكەس و چەندانی دیكە سەردانی چایخانەكەیان كردووە.
وتیشی: “ئێستاکە گەنج و رۆشنبیر و هونەرمەند‌ و نووسەرێکی زۆر دێنە چایخانەكە‌ و مەوعید دادەنێن‌ڤو بەیەك شاد دەبنەوە؛ چی لە ناوخۆی وڵات بن یان لە دەرەوە گەڕابێتنەوە كوردستان، ئێمە زۆر ڕێزیان لێ دەگرین؛ ئەوانیش زۆر ڕێزمان دەگرن؛ ڕێزێكی زۆر لەنێوان ئێمەو ئەواندا هەیە.
لەبارەی ئەو ژمارە زۆرەی لە وێنە‌ و قۆتۆ بە دیواری چایخانەكەدا هەڵواسراون باسی ئەوەشی كرد: وێنەی رۆژنامەنووس‌ و هونەرمەند و شاعیر و پێشمەرگە و شەهید و كەسایەتیە سیاسیەكان؛ هەڵواسینی وێنەكانیان وەفا و خۆشەویستیە بۆ ئەوان كە جێگەدەستیان دیارە.
وتیشی: سەرەتا چایخانەكە لە جێگەی كتێبخانەكەی ناو چایخانەكە بووە لە ساڵی شەستەكاندا بە دەست وەستا (نەزەر)وە بەڵام لە دوای كۆچی دوایی ئەو شوێنی ئەرز و خاڵچیەكان بووە؛ پاشان لە حەفتاكاندا خراوەتە سەر چایخانەكە، تائێستا دوو جار نۆژەن كراوەتەوە.
ئاماژەشی بەوە كرد پێنج كەس كە دەكاتە پێنج خێزان بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو چایخانەیە كە ئێستا چایی‌ و نیسكافە و قاوە و محەلەبی‌ و قاورمە لەگەڵ چاییدا دەفرۆشرێت، پێشكەشی ئەو كەسانەی دەكەن دەچنە چایخانەكە؛ ئەمەش بە مەبەستی خزمەتی زیاتری ئەو كەسانەیە دەچنە چایخانەكە