خدر عەلی قادر، ساڵی 19٦٥ـی زایینی لە خێزانێکی جووتیاری سەر بە هۆزی مەنتک لە گوندی ئۆمەرەسۆری شارەدێی دارەتووی سەر بە پارێزگای هەولێردا لەدایک بووە؛ کاک خدر ساڵی 1979ـی زایینی ژیانی هاوسەریەتیی پێک هێنایە و هەر لە گوندی ئۆمەرەسۆردا ژیان بەسەر دەبات؛ بە پیشەی بەخێوکردنی مەڕوماڵاتەوە خەریکە؛ یەکێکە لە سوارچاکەکانی ڕێکخراوی دوازدەسوارەی کوردستان.
کاک خدر، هەر لە تەمەنی لاویەوە خولیای حەیرانگۆتنی هەبووە؛ هەرچەند نەنێردراوەتە بەر خوێندن بەڵام زەینی زۆر ڕوونە و، کە حەیرانی بۆ دەخوێننەوە ئەو یەکەوهەل ئەزبەری دەکات؛ دەنگێکی زۆر نەرم و خۆشی هەیە و، دەنگی زۆربەی حەیرانبێژەکانی ئەوسا و ئێستایشی پێ خۆشە؛ چەند حەیرانێکی حەیراندانەر مامۆستا عومەری حاجی عەلی شەناغەییی چڕیوە؛ مامۆستا عومەر بۆی دەخوێنێتەوە ئەویش بە جوانی ئەزبەر و ئەدایان دەکات. ئەوە هەندێک لە حەیرانەکانی حەیراندانەر مامۆستا عومەری حاجی عەلی شەناغەییە کە بە دەنگی حەیرانبێژ خدر مەنتک گۆترایەتەوە:
حەیران
دەمگۆ ئۆمەرەسۆر ئۆمەرەسۆرە
×××
ئەوە حەیرانەکەی من دێ لۆ ناو گەڕی شایێ کراسی لەبەر مەلەسکەتانە، کەوێیەکەی داغداغی سۆرە
×××
ئەمن دەزانم داکت گەلە خانەدان و ئەسرزادە و سەنگینە
تووخوا ئەتووش قەت مەیلان لەگەرە من مەگۆڕە
×××
حەیران
لە پونگینە و گەڕەسۆری
×××
مارێ بابێ حەیرانێ بارگەوبارکۆریان لێ نا، شوان مەڕ هاژۆتن، کاروان کەتنە ڕێ، دەرێن هەواریان گرتیە لە بەینی کەردز و کەرزۆڕی
×××
دەمگۆ قسەبەدکاری بەینی دوو دران دەردەکی وا بگریتن، شەوێ هەتا سبەینێ خەوی لێ نەکەوی، هەرئەو کەلەک و ئەو کەلەکان بگۆڕی
×××
حەیران
لە ئۆمەرەسۆر و دارەتوویێ
×××
گەلە لەمێژە دۆست و گراویێ منی، هەرجارەکی دەهاتیە جێڕاوگەی ژوانێ هەر دەتگۆ خونچەگوری تازەپشکووتوی
×××
دە وەرە گلەییانم لۆ بکە بزانم لۆ ئەوە بەینەکە خۆت لە من دوورەپەرێز دەگری، دەرێی بە قسەی بەدکار و ناحەزان لەگەرە من بێوەفا دەرچووی
×××
حەیران
بانەبۆران لە بەینی ئازیانە و گردەسۆری بانەکی گەلە ناودارە
×××
بانی شاقازی و بەستی نەبیەڵای قەدیموزەمان جێی کارمامزەکانی سۆری چاوکارە
×××
دەمگۆ حەیران! ئەوشۆ شایی و گۆوەندە، وەرە دەستم لە گەرمەی هەرپەڕینێ، با ڕیشی جەمەدانی تێک بئارێ لەگەر گوفکەی هەوری و هیزارێ
×××
حەیران
خۆزگەم بەوێ دەوروزەمانی، کا وەکی لە بایێ غارێ خۆم هەردەدا سەرخانێ زینی
×××
چەندە جوانم لێ دەهات ڕانکوچۆغەری مەرەز، بڕنۆ لە شان و دەمانچە لە نێکێ دەوری کوڕینی
×××
داخەکەم ئەلحانەکە دەستم لەرزەلەرزەیتی، هەرئەوەتە شەقاوان داوێم، چاوێم ئێرە و بێرە نابینی
×××
حەیران
ئەرێ براینە! برادەرینە! بە بەستی شەرغەیدا کەتم، لە من بەهەواروهۆبە
×××
ئەوە کیژ دەرێ کوڕەتیم! حەیران! خۆ من لە توو زیاتر لۆ
کەسم نەترازاندیە، نە جاربەجار نە نۆبەبەنۆبە
×××
ئەوە کیژ جوابان دەنێری، دەرێ کوڕە حەیران! ئەتوو خەمان هەرمەگرە، هەتا ئەمن لە دنیایێ بم ئەتوو هەر لەسەر شەوڕامووسان و جێژوانگەی خۆت بە
×××
حەیران
ئەرێ بابە خەمێ دنێایێ هاتن، لە درێ بابێ ئومێدی کردیان هەڵایە
×××
ئەوە مارێ بابێ حەیرانەکەی من شوانکارەنە، لە بەینی هەمزەبەگ و تەلواریان هەردایە
×××
کیژ جوابان دەنێری دەرێ کوڕەتیم! حەیران! خەمان هەرمەگرە؛ ئەمن شەمامەشەمامەی باغەرێم بە خودای دەقونوشت لۆ توو هەرگیرایە
×××
حەیران
ئەمن نازانم بەوێ سبەینێ لۆتان بەکێندەرێدا هەربرێم؟
ئەدی کاکینە! دەمگۆ بە دەربەندان وەڵا بە دەرەندی کۆڕێ
×××
ئەوە تاقمە سوارەک دەچنە قۆشەنێ، دەکەن تەعلیمێ لە ساکەگۆڕێ
×××
کیژ دەرێ خوام بە خورامی ئەوی سوارێ بەرایی کا، گەلە بە تاو دەڕوا، کوڕە حەیرانەکەی منە، گەلە بە تاو دەڕوا بە خودای، ئارەقەی لێ دەچۆڕێ
×××
حەیران
ئەمن دەمگۆتە مانگەکەی چاردەشەوی، دە توو شەوق و شەبەقێ خۆتم لۆ بکە نەوی
×××
دە با حەوشەوحەساری مارێ حەیرانەکەی خۆم لێ بەدەر بکەوی
×××
ئەمن سەرێ چەند ڕۆژانە ڕفت و ڕۆیینی نابینم، بێت و بچی، بەشکم بیبینم بە خودای دریشگەم دابکەوی
×××
لە ئامادەکردن و نوسینەوەی هاشم حاجی عەلی شەناغەیی
فەرهەنگۆک
ئۆمەرەسۆر: ناوی گوندێکە لە شارەدێی قوشتەپە
مەلەسکەتان و داغداغسۆر: دوو جۆر قوماشە
پونگینە ناوی گوندێکە لە شارەدێی بنەسراوە
گەڕەسۆر: ناوی گوندێکە لە شارەدێی بنەسراوە
کەردز و کەرزۆڕ: دوو گوندن سەر بە شارەدێی قوشتەپە
بانەبۆران: ناوی گردێکە
ئازیانە و گردەسۆر: دوو گوندن لە قوشتەپە
بانی شاقازی: گردێکە لە ناوچەی دێدەوان
نەبیەڵا: ناوی گوندێکە لە شارەدێی قوشتەپە
بەستی شەرغە: بەستێکە لە ناوچەی دێدەوان
هەمزەبەگ و تەلوار: دوو گوندن لە شارەدێی بنەسراوە
ساکەگۆڕ: زەویەکی پانوبەرین
دەقونوشت: جاران کە پارچەقوماش هەڵدەگیرا جوان لەسەر یەکیان دادەنا ودەقیان دەکرد، وەکو کەپسی ئێستا بیکەیتەوە جێگای دیار دەبێت.
دریشگە: دڵێکی فرامۆشکراو