مۆزەخانەیەكی وڵاتێكی ئەوروپی سوپاسی هونەرمەندانی كورد دەكات

ماوەی نزیكەی چوار مانگ پێشانگای (كوردستان؛ ڕوخساری ڕزگاری) لە مۆزەخانەی شاری بیگدۆشچ پۆڵەندا بەردەوام بوو لە كۆتایی مانگی ئاداردا كۆتایی بە كارەكانی هات، پێشانگەكە پێك هاتبووە لە دەیان كاری هونەرمەندانی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستانەوە، كە بریتین لە تابلۆ، گرافیك، وێنەكێشان، ڤیدیۆ و ئارت و ئینستەلێشن و وێنە.

ئەم پێشانگەیە بە گەورەترین نمایشكردنی بەرهەمی دەستەیەك لە هونەرمەندانی كوردستان دەناسرێت كە تا ئێستا لە ئەورووپا ڕێكخرابێت كە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا، هاوكار و یاریدەدەری ئامادەكردن و كردنەوەی پێشانگەكە بوو.
دوای تەواوبوونی پێشانگەكە چەند رۆژ لەمەوبەر لە لایەن بەرێوەبەران و جێبەجێكارانی پێشانگەی (كوردستان – ڕوخساڕە ڕزگاركراوەكان) كە لە مۆزەخانەی شاری بیدگۆشچی پۆلەندا بەرپا كرابوو، نووسراوێك ئاراستەی هونەرمەندی فۆتۆگرافەری كورد یونس محەمەد و سەرجەم هونەرمەندە كوردە بەشداربووانی پێشانگایەكە كرا؛ لەم بارەیەوە یونس محەمەد نووسیویەتی: نووسینەكەیان ئەوەندە بەهێز و بەڕێزەوەیە كە مرۆڤ هەست دەكات كاتی بەفێڕۆ نەدابوو و ئەركی بە جێگەیاندووە.
كیورەیتۆری ئەم چالاكییە هونەرییە لە نووسراوەكەیدا دەڵێ: “بە خۆشحاڵییەكی زۆرەوە دەبێ ئاماژە بەوە بكەم كە كاركردن لەگەڵ ئێوە ئەزموونێكی نایاب بوو، ئەو پێشانگایە هێزی كولتوور و هونەری كوردی و توانای لەڕادەبەدەری هونەرمەندی كورد لە بنیاتنانی کەشی هونەری جیهانیدا، بە بینەرانی پۆڵەندی و بیانی نیشاندا، لەو رێگەیەوە دەرفەتی ئەوەمان بۆ ڕەخسا كە لە ئیرادەی بەردەوامی گەلی كورد و خەباتی بۆ بەدەوڵەتبوونی خۆی و ئەو دراما ئینسانی و كۆمەڵایەتیانەی پەیوەستن بە ئیرادەی بوونی وەك پێكهاتەیەكی سەربەخۆوە بزانین”.