فیلمی خاڵا تارییا خەڵاتێكی نێودەوڵەتیی وەرگرت

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

فیلمی كوردی “خاڵا تارییا” لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەكتاش” و لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد “ئایشە پۆڵات”، چوار خەڵاتی لە چلودووهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئەستەنبووڵ” لە توركیا بەدەست هێنا.

فیلمی سینەمایی “خاڵا تارییا” In The Blind Spot لە بەرهەمهێنانی كۆمپانیای سینەمایی “میتۆس فیلم” بە بەڕێوەبەری سینەماكاری كورد “مەمەد ئەكتاش” و لە نووسین و دەرهێنانی “ئایشە پۆڵات” دەرهێنەری باكووری كوردستان، لە بەرهەمهێنەری هاوبەشی كۆمپانیای “پۆنكت” و تەلەڤیزیۆنەكانی WDRو Arte و بەرهەمی وڵاتی ئەڵمانیا، لە نوێترین و دووهەمین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی “نەتەوەیی” لە چل و دووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئەستەنبووڵ” لە وڵاتی توركیا نمایش كرا و توانیی چوار خەڵاتی ئەم رووداوه گرینگه سینەماییه بەدەست بێنێت، لەوانە: خەڵاتی باشترین فیلم بۆ “مەمەد ئەكتاش”، خەڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ “ئایشە پۆڵات”، خەڵاتی باشترین مۆنتاژ بۆ “سەرحەت مۆتلۆ” و “یۆرگ ولكمار” Jörg Volkmar و هەروەها خەڵاتی “فیپێرشی” FIPRESCI واته فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕخنەگرانی فیلم به هۆی “تەركیز لەسەر جیاوازییە ئەخلاقییەكان لە كردەوەی رۆژانەی كەسەكان و گرینگترین بایخەكانی تاكەكانی كۆمەڵگا”.
“مەمەد ئەكتاش” بەرهەمهێنەری فیلمی سینەمایی “خاڵا تارییا” لە وتارێكدا رایگەیاند: زۆر بەختەوەرین كە چالاكی چالاكڤانانی مافی مرۆڤ لە لایەن فیلمەكەی ئێمەوه گرینگی ئەوتۆی پێ درا.
“خاڵا تارییا” كه لە لایەن كۆمپانیای “ئارت هوود ئینتەرتەیمنت” ArtHood Entertainment لە ئاستی دنیادا بڵاو دەبێتەوه، لە یەكەمین نمایشی جیهانی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی “بەركەوتنەكان” Encounters لە حەفتاوسێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “بەرلین” Berlinale لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش كرا و كاندیدی وەرگرتنی خەڵاتی ئەم رووداوە پڕبایەخ و پلە یەكەمی سینەمای جیهان بوو.
فیلمی سینەمایی In The Blind Spot لە رێگەی چیرۆكی یەكێك لە دایكانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێكی ئەڵمانی دەكات كە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێك لە بارەی ژیانی “ئەیوب ئازیز چاپكورت”، پارێزەری مافەكانی مرۆڤ بەرهەم بێنن.
چلودووهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئەستەنبووڵ” به نمایشی ٥٩ بەرهەم لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕكێیدا؛ لەوانە: بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی، بەشی پێشبڕكێی نەتەوەیی، بەشی پێشبڕكێی نەتەوەیی “كورتەفیلم”، بەشی پێشبڕكێی نەتەوەیی “بەڵگەفیلم” و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕكێی لە رۆژانی ٧ تا ١٨ـی ئەپریلی ٢٠٢٣ لە شاری ئەستەنبووڵ لە وڵاتی توركیا بەڕێوە چوو.