تریفە خەلیل کەریم
زۆر کەس لەسەر درامای هەشت دیواریان نووسی، کەسانێکی زۆریش ڕەخنەیان لێ گرت، کەسانێکیش هەبوون سەرنجەکانی خۆیان دەهەمبەر دراماکە گوت و نووسی. ئەمن ئەوڕۆ جیاواز لە هەموویان چار دیوی جوانی درامای هەشت دیوار دەنووسم. دەبێ ئەوەش بڵێم من ئەکتەر و هونەرمەند نیم و وەک هونەرزانێکیش نا بەڵکو وەک بینەرێک و لە دایکبووی شەکرە شار ئەو چار دیوە دەنووسم.
دیوی یەکەم : درامای هەشت دیوار سەرباری هەموو کەموکوڕی و تێبینی و ڕەخنە و سەرنجەکان لەسەری کارێکی باش و سەرنجبەرە، چۆن ؟ ئەم درامایە توانی جیلی نوێ، جیلی نوێی کوردی ناباشی گۆشکراو بە تەکنەلۆژیا ئاشنا بکا بە ساڵانی هەشتاکان و بەرەنگاری جیلی پێشوو و هەموو ئەو ئاستەنگیانەی کە ئەم جیلە تێیانپەڕاندووە. پەنجەرەیەک بوو بۆ جیلی نوێ تا ببینێ ئەوەی ئەوان ئێستە تێیدا دەژین بە چ زەحمەتی و ناخۆشییەک وەدەستهاتووە.
دیوی دووەم : پیشاندانی ئەو جیاوازە زەقەی ساڵانی هەشتاکان و ساڵی دووهەزار و بیست سێ، ئەتوو بڕوانە ئەو سفرە و کۆبوونەوە و سادەییەی ساڵانی هەشتاکان هەمووییان سەرباری جیاوازییەکان یەکدییان خۆشدەوێ و یەکترییان قەبووڵە و بە کردار و پەیڤە سادە و گچکەکانی یەکدی دڵخۆش دەبن. کەچی کە دێتە سەر دیمەنی ماڵەکەی دووهەزار و بیست و سێ بینەری ماڵێکی ساردی بێ ڕۆحی تژی لە ژاوە ژاو و ئاژاوە و لێکتێنەگەیشتن دەبینەوە.
دیوی سێهەم : زێدەگۆیی نییە بڵێم ئەو درامایە هەستی کوردایەتی و جۆش و خرۆش و هەستی نیشتمان و نیشتمان خۆشویستنی لە زۆربەماندا زیندی کردیتەوە کە ئەوەش خاڵیکی زۆر ئەرێنی و شایەنی ستایشە. لە دیمەنێکدا هەڵگورد لە دڵەوە دەڵێ ؛ ئامادەم بمرم بەس بۆ ئەوەی ئاڵاکەمان ببینم بە شەکاوەیی، هەموومان ڕۆژانە کە دەچینە دەوام یاخود منداڵەکانمان دەبەینە فێرگە ئاڵای پیرۆز و شەکاوەی کوردستان دەبینن کە چلۆن دەشەکێتەوە کەچی بەلایدا تێدەپەڕین و بە شتێکی ئاسایی دەزانین و ڕاهاتووین، چەندە زوو لە بیرمان کرد چ خوێنێکمان ڕشت چەند گوند وێران کران چەند کانی کوێر کرانەوە، چەندان خانم بێ هاوژین بوون چەندان زارۆک بێبەش بوون لە هەستی باوکایەتی، سەتان و هەزاران کەس بوونە خاوەن پێداویستی تایبەت و چ بە باری جەستەیی چ دەروونی نەساغبوون هەمووی لە پێناوی ئەوەی ئاڵا جوانەکەمان بشەکێتەوە و ئێمەیش لە ژێریدا بحەسێینەوە.
دیوی چوارەم : درامای هەشت دیوار پاش چەندان ساڵ وای کرد بینەر ئاشت ببێتەوە لەگەڵ درامای کوردی و نەک تەنێ هەر جیلی ئێمەمانان بەڵکو جیلی نوێیش پاش بەربانگ پەرۆشانە چاوەڕێی دیتنی ئەڵقەیی نوێی هەشت دیوار بین جا چ لە ڕێگەی شاشەی تیڤیەکانمانەوە بێت یانژی مۆبایلەکانمانەوە