هونەرمەند كوورش عەزیزی یەكێكە لەو هونەرمەندانەی بە گۆرانیی شاد ناسراوە؛ ماوەی سیوپێنج ساڵە خزمەتی هونەری كوردی دەكات؛ دەڵێت: لە شاری كرماشاندا دەژیم، بەدەر لە كاری هونەری و گۆرانیچڕین، كاری كڕین و فرۆشتنی زەوی دەكەم. لەم دیدارەدا هونەرمەند وەڵامی پرسیارەكانی “هەولێر”ی وا دایەوە…
– چ كارێكی نوێی هونەریت بەدەستەوەیە؟
• نوێترین كاری هونەریم كە لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ جەژنی نەورۆز بڵاو دەبێتەوە پێشكەشی هەوادارەكانمی دەكەم، بە ناوی (چاوڕەش) ئاواز و هۆنراوەی سەباح مقەدەم، محەمەد مكۆی لە ستۆدیۆ باران كاری دەنگی بۆ دەكات.
– بۆ سەری ساڵی كوردی جەژنی نەورۆز چۆن ئامادەكاریتان كردووە؟
• لە یەكەم ڕۆژی بەهار و جەژنی نەورۆزدا لە هوتێل تایتانیك و ماجیدی مۆڵەکەی شاری سلێمانیدا كاری هونەری و ئاهەنگی هونەریم دەبێت.
– هۆكار چیە زۆرترینی گۆرانیەكانت لە جۆری شادن؟
• بۆ یەكەم جار لە هەرێمی كوردستان بە گۆرانیی شاد ناسراوم و دەركەوتوومە بەشداری ئاهەنگەكان دەكەم، بەڵام لە ‘شەواهەنگ’ـەكاندا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان گۆرانیەكانی هونەرمەند حەسەن زیرەك دەچڕمەوە كە لە ستایلی خاوە؛ خۆیشم ئارەزووی گۆرانیی خاو دەكەم و گۆرانیی خاویش دەچڕم.
– تا ئێستا چەند گۆرانیت پێشكەشی هەوادارانت كردووە؟
• چوار ئەلبومی گۆرانی و چل ڤیدیۆكلیپم هەیە، ماوەی سیوپێنج ساڵە گۆرانی دەڵێم و، بەردەوام دەبم.
– بە داهاتی هونەر، ژیانت بەڕێوە دەچێت؟
• لە رێگەی كاری هونەریەوە بژێوی ژیانم دابینە؛ لەگەڵ ئەوەشدا كاری كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی دەكەم و، ئەویش پاڵپشتە.
– باس لەوە دەكرێت كەسانێك هونەری گۆرانیی كوردییان شێواندووە؛ ئێوە لەوبارەیەوە چ دەڵێن؟
• لە بواری گۆرانیی شاددا، ئەوسا بەندبێژی باشمان هەبووە؛ ئێستایش هونەرمەندان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە؛ داوام لە هونەرمەندانی بەندبێژ ئەوەیە با هونەری بەندبێژی نەڕوات بە لایەكی خراپدا.
– بە دەنگی کام هونەرمەند سەرسامیت؟
• بە دەنگی هونەرمەندانی وەك سەید محەمەدی سەفایی و محەمەد كێلەشینی و، جەلال كەریمی و عەباس كۆڵەوەس و عەلی دەسەناس و برایانی سەیدی و چەندانی دیكەش، کە كاریگەرییان هەبووە لەسەر بەرهەمە هونەریەكانم، سەرسامم.
– هەبووە گۆرانیت بۆ كەسێكی تایبەت چڕیبێ؟
• بەڵێ من بە خۆشەویستی ژیانی هاوبەشم پێك هێناوە و، هەموو هەست و سۆز و گۆرانیەكانی من بۆ هاوسەرە خۆشەویستەكەمە؛ هەتا مردن گۆرانیی بۆ دەڵێم. پێكەوە دەژین خاوەنی دوو كچ و، كوڕێكم.
– قسەیەك هەیە دەڵێن گۆرانی ئێستا بەراورد بە ئەوسا، لە بەردڵاندا نامێنێت؛ بە بڕوای ئێوە هۆكار چیە؟
• هۆكارەكەی ئەوەیە ئەو هونەرمەندانەی کاتی خۆی كاری هونەرییان كردووە وەك حەسەن زیرەك و هونەرمەندانی دیكە لە ماوەی مانگێكدا یەك كۆپلە گۆرانییان تۆمار كردووە، پاشان دوای دوو مانگ كۆپلەیەكی دیكەیان وتوە ئەوكات بووە بە گۆرانیەكی تەواو؛ بۆ ئەم كارەیان ماندوویەتیەکی زۆریان بینیوە، جا هەر كارێكیش زۆر پێوەی ماندوو بوویت دەمێنێتەوە، كارێكی باش دەبێت، بەڵام پێم وایە ئێستا ئەو ماندوویەتیکێشانە نەماوە، بۆیە گۆرانی هێندە نامێنێتەوە لە گوێی گوێگردا.
– چی ئالەتێكی موزیكی دەژەنیت؟
• تەنیا دەف و تەپڵ دەزانم لەگەڵ گۆرانیەكانمدا لە ماڵەوە لێدەدەم وەك پرۆڤەیەك؛ زۆر حەزم دەكرد ئامێرە موزیكیەكانی دیكەیشم بزانیبا، بەڵام دەرفەت نەبووە؛ ئەڵبەت هەردوو كچەكەم لە هەوڵی فێربونی ئامێری عود و كەمانچەدان، چاوەڕێی ئەو رۆژەم كچەكانم ئامێری مۆسیقیم بۆ بژەنن منیش گۆرانی بڵێم.