دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سامان شەوكەت:لەبەر دوو هۆكار ساڵانێك لە هونەر دوور كەوتبوومەوە

هونەرمەند سامان شەوكەت، لەبەر كۆچی دوایی باوكی و شەڕی داعش و دۆخی كوردستان چەند ساڵێک لە كاری هونەری دوور كەوتەوە، بەڵام ئێستا هاتۆتەوە بوارەكە و سێ كاری نوێی بە دەستەوەیە كە یەكێكیشیان بڵاو كرایەوە.

هونەرمەند سامان شەوكەت نزیكەی ٣٠ ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا ژیان بەسەر دەبات و چەندین ساڵیشە سەرقاڵی كاری هونەرییە؛ ناوبراو لەو ماوەیەدا گۆرانییەكی نوێی بە ناوی (دلەك جوانتر) بڵاوكردەوە و لەم دیدارەی (هەولێر)یشدا باس لە كارەكانی داهاتووی دەكات.

هەولێر: سەرەتا لەوەوە دەست پێ دەكەین، ئێوە دوای ساڵانێكی زۆر، مانگی رابردوو بەرهەمێكی نوێتان بە ناوی (دلەك جوانتر) بڵاو كردەوە، بۆچی ماوەیەک دوورەپەرێز وەستابوون؟ دەكرێت بزانین جگە لەو بەرهەمە، بەرهەمی نوێتان هەیە؟

سامان شەوكەوت: هۆكاری دووركەوتنەوەم دوو هۆكار بوو، یەكەمیان كۆچی دوایی باوكی خۆشەویستم هونەرمەند شەوكەوت تۆفیق، هونەرمەندی تیپی موزیكی هەولێر، ئیدی لەو كاتەوە وازم لە موزیك هێنا، چونكە باوكم باشترین هاوڕێ و مامۆستام بوو، لەسەر دەستی باوكم و چەند هونەرمەندێكی دیكە فێری موزیك و هونەر بووم؛ هۆكاری دووەمیش شەڕی داعش بوو، لە خێزانەكانمان شەهیدمان هەبوو، خەڵك دڵی ناخۆش بوو، كاتی گۆرانیگوتن نەبوو.

راستە من ئێستا بەرهەمێكی نوێم بڵاو كردۆتەوە لە تێكستی مامۆستا هەوار شاڵی و ئاوازی نیگار كامیل، دابەشكردنی موزیك مامۆستا محەمەد زەكی بوو.

هەولێر: ئەو كاتانەی سەرقاڵی گۆرانی وتن بوون ساڵانە بەرهەمتان بڵاودەكردەوە، بەرهەمەكانیشتان هەم سۆرانی و هەمیش كرمانجی بوون، دەزانین دایكت خەڵكی سنوری پارێزگای دهۆكە و كرمانجیشت باشە، بەڵام بۆچی ئەوەندە تامەزرۆی شێوەزاری كرمانجیت؟ 

سامان شەوكەت: باوكم بە رەچەڵەك خەڵكی سلێمانییە، بەڵام لە شاری هەولێر گەورە بووە، خۆشم لە شاری هەولێر لەدیكبووم، بۆیە كوڕی هەولێرم، بەڵام بۆ من شارەكان هیچ جیاوازییان نییە، گۆرانی سۆرانی و بادینیشم وتووە، بەڵام وابزانم لە زاراوەی كرمانجی سەركەوتووتر بووم، لەبەرئەوەی گوێبیست و بینەرێكی زۆرم لە بادینان هەیە و شانازییان پێوە دەكەم، هەورەها بە سۆرانیش گۆرانی دەڵێمەوە، ئێستا سێ گۆرانی دیكەم دروستكردوون بە زاراوەی كرمانجین، یەكێكیان بڵاوبووەوە، ئەوانی دیكەش كلیپیان بۆ دەكەم، لە ئایندەیەكی نزیكیش ئەلبومێكی نۆ گۆرانی دەست پێدەكەم.

هەولێر: ئەوەندەی تێبینی دەكرێت بەرهەمەكانت زیاتر شێوازی ئەرەبیسكن، خۆت حەزت لەو شێوازەیە، یان خواستی جەماوەر وایكردووە بەو شێوازە كار بكەیت؟

سامان شەوكەوت: بەهەموو شێوازەكان گۆرانی دەڵێم، لە ئەلبومی داهاتووشمدا چەندین شێوەی مەقاماتی تێدا دەبێت، بەڵام ئەرەبیسك لەناو كورددا خۆشەویستە و حەزیان لێیە، بەڵام بۆ تێبینی ئەرەبیسك خاوەنەكەی نە تورك و نە عەرەبە، بەڵكو خاوەنەكەی كوردە، چونكە ئەوانەی لە توركیا بە ئەرەبیسك گۆرانی دەڵێن لە بنەڕەتدا كوردن.  

هەولێر: ئەگەر لەمەودوا بەرهەمی هونەری بڵاوبكەیتەوە، وەك هونەرمەندانی دیكە پێت

باشە بەرهەمی تاك بێت، یان ئەلبوم؟

سامان شەوكەوت: ئێستا بە تراك گۆرانی بڵاودەكەمەوە، بەڵام بۆ داهاتوو ئەلبومێكیش بڵاودەكەمەوە، چونكە ئەلبوم وەك پاسپۆرتە بۆ هونەرمەند، بەڵام جێگەی داخە تائێستا یەك ئەلبومم هەیە، بۆیە حەز دەكەم ئەلبومێكی دیكەش دروست بكەم.

هەولێر: پێشتر بەرهەمی دوێتت بڵاوكردۆتەوە، ئەگەر پڕۆژەیەكی دیكەی دوێت هەبێت، پێت باشە لەگەڵ چ هونەرمەندێك بێت؟

سامان شەوكەت: پێشتر سێ گۆرانی دوێتم هەبووە لەگەڵ هونەرمەندان كاروان كامیل و مریەم و دلبەر جزیری، پێم خۆشە دوێت بكەمەوە، بەڵام تائێستا هیچ هونەرمەندێكم دەستنیشان نەكردووە.

 هەولێر: ئاشكرایە ساڵانی رابردوو لەگەڵ ئێستا بۆ كاری هونەری زۆر جیاوازە، بۆ تۆ جیاوازییەكان چین و لە ئەوروپا یان كوردستان بۆ كاری هونەری باشترە؟

سامان شەوكەت: جیاوازییەكان زۆرن، هەست دەكەم كاتی خۆی كە هونەرمەند كارێكی دەكرد پڕۆفیشناڵ بوو، ئەو نەوە زێڕینەی كە دوور كەوتوونەتەوە كاری هونەرییان دەكرد، بەڵام نەوەی ئێستا زۆربەیان زیاتر كاری بازرگانی دەكەن و تەنها بۆ سۆشیاڵ میدیایە. 

بێگومان دروستكردنی كاری هونەری لە كوردستان زۆر باشتر و ئاسانترە وەك لە ئەوروپا، چونكە لە ئەوروپا كێشەی موزیسیان و ستۆدیۆمان هەیە، بۆیە وەك خۆم سێ كارەكەی ئەم دواییەم لە كوردستان كردووە. 

هەولێر: ساڵانە لە وڵاتانی دەرەوە هونەرمەندانی كورد ئاهەنگ ساز دەكەن، بۆچی لەو ئاهەنگانەش نابینرێیت؟

سامان شەوكەت: راستە لە ئەوروپا ئاهەنگ و كۆنسێرت دەكرێت، بەڵام من بە داهاتی هونەر ناژیم، بەڵكو بە پێچەوانەوە پارە لە هونەردا سەرف دەكەم، چونكە لە ئەوروپا كۆمپانیا و بزنسی خۆم هەیە، بۆیە زۆر كاتم نییە بڕۆم بۆ ئاهەنگ و كۆنسێرتەكان، بەڵام وەك خۆیشم ناتوانم لە شوێنێكدا گۆرانی بڵێم كە گوێم لێ نەگیرێت و تەنها هەڵپەڕین هەبێت، زیاتر حەزم لەوەیە كۆنسێرت بكەم.

هەولێر: هەندێجار گۆرانیبێژەكان بەشداری فیلم یان دەبنە پێشكەشكار، ئەگەر پڕۆژەی لەو شێوەیە هەبێت، ئامادەی بەشداری بكەیت؟

سامان شەوكەت: تەبعەن كاتێك هونەرمەند كاری هونەری دەكات حەز لە زۆربەی بوارەكان دەكات، بۆیە حەزیشم لە ئەكتەرییە و خەونیشمە رۆژێك لە رۆژان لە فیلمێكدا وەك ئەكتەر بەشدار بم، خۆیشم پڕۆژەیەكی لەو شێوەیەم هەیە كە ماوەی پێنج ساڵە فیلمێكم نووسیوەتەوە، بەڵام كێشەی بودجەمان هەیە، بۆیە ئەگەر وەك فیلم هەبوو پێمخۆشە بەشداربم، ئەگەرنا خەونم ئەوەیە ئەو پڕۆژەیەی خۆم بكەمە فیلم.

هەولێر: لەم ماوانەی رابردوودا تاڕادەیەكی زۆر لە میدیاش دوور كەوتیتەوە، ئەمەیان بۆچی؟

سامان شەوكەت: هۆی دووربوونم لە سۆشیاڵ میدیا ئەو كێشانە بوو كە باسم كردن، كۆچی دوایی باوكم و دۆخی كوردستان، هەروەها ئیشی كۆمپانیام كە زۆر سەرقاڵ بوو، ئەگەر بمەوێت لە سۆشیال میدیاش دیار بم، پێم خۆشە بە كارێكی نوێوە بێت، نەك هەر بۆ دەركەوتن.