دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پێشانگای سیرامیکی تەلان لە گەلەریی میدیا دەکرێتەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٨/٣/٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە هەماهانگیی لەگەڵ بەشی هونەری شێوەکاری و گروپی هاوڕێیانی هونەر پێشانگایەکی سیرامیکی تایبەت بۆ هونەرمەندی پەیکەرتاش (تەلان دارا بەحری) لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی شێوەکاری گەلەریی میدیا بکاتەوە.

لە پێشانگاکەدا چەندین پەیکەری لە بەرد تاشراو و پڕ مانا دێتە نمایشکردن.
(تەلان دارا بەحری) شێوەکار و پەیکەرتاش لە ئاخاوتنێکی سەبارەت بە کردنەوەی ئەو پێشانگا سیرامیکیە دەڵێت: لەگەڵ نزیکبوونەوەی یادەکانی ئادار و نەورۆز و ئامادەکاریی بۆ چالاکییە هونەرییەکان، وەک مامۆستایەکی هونەری سیرامیکی هەوڵم دا بەرهەمەکانم لە پێشانگایەکدا کۆ بکەمەوە، کە پڕ بێت لە بەرهەمی سەرنجڕاکێش و جوان، بۆیە بە هاوکاری گروپی هاوڕێیانی هونەر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شێوەکاری گەلەریی میدیا ئەم چوارشەممەیە لە کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەک پێشانگاکەم دەکرێتەوە و دوو ڕۆژیش لە پێشوازی میواناندا دەبم، بۆ ئەوەی چێژ لە بەرهەمە سیرامیکیەکان وەرگرن، کە گوزارشت لە ئافرەتی کورد و ئازار و جوانیەکانی ژیان دەکەن و پەیکەر لەبەر چاوی بینەردا سەما دەکات.