هونەرمەند ئەحمەد ڕەئوف ماوەی چل ساڵە ئەكتەرێكی دیاری هونەری نواندنە؛ كاری دەرهێنان و نووسینی بۆ چەند شانۆگەری و زنجیرەدرامایەك كردووە؛ لەم چاوپێكەوتنەیدا بۆ “هەولێر” دەڵێت: نوێترین دەركەوتنی لە بەرنامەی گەرمەساتە، ڕۆڵی هونەری كۆمیدیا دەبینم پێشتری بەشداری هونەری تراژیدیام كردووە”.
– ئێستا سەرقاڵی چ كارێكی نوێی هونەریت؟
• هیچ كارێكی هونەری نوێم بەدەستەوە نیە بەڵام ماوەی ساڵێك دەبێت ئێستاشی لەسەر بێت لە تەلەفزیۆنی ئاڤا خەریكی بەرنامەی (گەرمەسات)م لە شاری هەولێر.
– بۆچی زۆربەی كارە هونەریەكانت یان دەركەوتنت لەگەڵ عیرفانی وەستا محەمەددایە؟
• پێشتر لە بەرنامەی بەزمی بەزم و چەند كارێكی دیكەی هونەرییشدا، پێكەوە بووین، ماوەی دوو ساڵیش دەبێ پێكەوە كاری هونەریمان نەكردووە. مەرجیش نیە وەها بێت یان زۆر لەگەڵ ئەو دەركەوم.
– چەند ساڵێك پێش ئێستا دەنگۆی مردنت بڵاو بووەوە بە هۆكاری هاتوچۆ لە رێگەی هەولێر سلێمانیدا؛ ئەمە چۆن بوو؟
• ئەو كەسانەی ئەو هەواڵە بێبنەما و ناڕاستەیان بڵاو كردەوە، بەبێ گوێدانە ئەتەکێتی پیشەیی، ئەوە تەنیا بۆ سواڵی لایك و كۆمێنێت ئەو كارەیان كرد؛ پێم وایە نەخۆشینی دەروونییان هەیە.
– هیچ كارێكی سیناریۆ و دەرهێنانت كردووە بەدەر لە ئەكتەرایەتی؟
• بەڵێ كاری دەرهێنانم بۆ ٩٠ ئەڵقەی (قاقا) كردووە كە لە سێ رەمەزاندا لە كوردساتەوە دابەزی؛ كاری دەرهێنانم بۆ دوو شانوگەری کردووە، (دارستان و یاساكەی)، (دەرمانەكەی رەحیم) كردووە كە ٩٥ ڕوژ بەردەوام بوو لە شاری مانهایم و هایدلبیر لە ئەڵمانیا نمایشمان كرد.
– زۆربەی دەورەكانت لە كاری نواندندا كۆمیدیایە؛ تراژیدیا نیە، بۆچی؟
• سەرەتای خوێندنم لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان بە تراژیدیاوە دەستم پێ كرد، وەك (دیوار) ، (مانگی ئاوا بوو) ، (ماڵئاوا ئەی شاعیران!) و چەندین كاری تر بەڵام لە كوتاییدا خوم لە كۆمیدیا بینیەوە.
– پێت وایە لە كاری تواندنی تراژیدیاشدا هێندەی كۆمیدیا سەركەوتوو دەبیت؟
• بەهیوام لە تراژیدیاشدا سەركەوتوو بم، لە كارەكانی داهاتوومدا بەشداری دەکەم لە كاری تراژیدیایشدا، هیوام وایە جێگەی ڕەزامەندیی هەوادارەكانم بێت.
– نێوانت لەگەڵ ئەو هونەرمەندا چۆنە كە ساڵانێك لە بەرنامەی هەمەڕەنگدا پێكەوە كارتان دەكرد؟
• نێوان لەگەڵ هونەرمەندانی بەرنامەی هەمەڕەنگ زۆر باشە و زۆریش بەڕێزن لە لام؛ ساڵانێكی زۆر پێكەوە كارمان كردووە؛ ئەو ڕۆژانە لە مێژوودا بە درەوشاوەیی ماوەتەوە.
– هاوسەرەكەیشت هونەرمەندە؛ دوو هونەرمەند لە ماڵێكدا، چۆن كارەكانی ماڵەوە رێك دەخەن؟
• نێوانمان زۆر باشە و خەریكی كاری هونەرین، زۆربەی كات پێكەوە؛ ئەگەر خەسووم نەبوایە یان هاوكارمان نەبوایە بۆ ئامادەكردنی خواردن لە ماڵەوە، ئەوا مووچەكە هەمووی دەڕۆیشت بە داواكردنی خواردنی ئامادەكراو و گەیاندن (دلیڤەری).
– كوڕ و كچەكەت كامیان خولیایان هەیە ببنە هونەرمەند؟
• سەرەتا هەردووكیان حەزیان دەكرد بەشداری كاری نواندن بكەن بەڵام دوایی دوور كەوتنەوە.
– مەرجت هەیە بۆ بەشداریكردن لە ریكلامدا یان نا؟
• بەدڵنیایەوە مەرجم دەبێت؛ مەرجەكانیش ئەوەیە تێكستەكە و ئەكتەرەکەی بەرامبەرمم بەدڵ بێت؛ ئەو گرێبەستەشی دەیكەین بۆ ریكلامەكە بڕە پارەیەكی باش بێت و بەری دڵ بگرێت.
– بیری کام هونەرمەند دەكەیتەوە و حەزە دەكەیت بیبینتەوە، بەڵام تازە محاڵ بێ؟
• بیری هونەرمەندانی كۆچكردوو عەبدوڵا خەیات و ئاسۆی عومەر سوارە دەكەمەوە، كە هیچیان لە ژیاندا نەماون و هەرگیز نایانبینمەوە.