ئەبووزەبی میوانداری بەرهەمێكی كوردی دەكات

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دەرهێنانی “شەوكەت ئەمین كوركی” نوێنەری وڵاتی عێراق لە ئاكادیمیای ئۆسكاری ساڵی 2023 لە ناوەندی هونەری “ئەلعین  ئەلقارە” لە شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیمارات نمایش كرا. 

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماكاری كورد “شەوكەت ئەمین كوركی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەكتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ بۆ یەكەمین جار لە ناوەندی هونەری “”العین  ئەلقارە” له شاری ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕاتی یەكگرتووی عەڕەبی پێشكەش كرا. كۆمپانیای سینەمایی میسری MAD Solutions مافی بڵاوكردنەوەیa ئەم بەرهەمه كوردییەی له وڵاتانی عەڕەبی له ئەستۆدایه. 

ئەمە بۆ دووهەم جارە كه یەكێك له فیلمەكانی “شەوكەت ئەمین كوركی” بە ئاكادیمیای ئۆسكار دەناسێندرێت.

ئەم فیلمە كوردییە لە درێژەی بەشدارییە جیهانییەكانی خۆیدا خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” Santa Barbara لە وڵاتی ئەمەریكا، خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی “پێشبڕكێی سەرەكی” لە نۆزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “تیرانا” Tirana لە وڵاتی ئەڵبانیا، خەڵاتی “سندووقی جەماوەری ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان”ـی بەدەست هێناوە.

“ئەزموون” بەرهەمی كۆمپانیای “میتۆس فیلم”ـی بەرلین و كۆمپانیای “مەستی فیلم”ـی سلێمانی كە بە پاڵپشتیی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان بەرهەم هاتووە و لە لایەن كۆمپانیای ئەڵمانی “ئاڕت هوود” ArtHood لە جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. 

لەم فیلمە سینەماییەدا كۆمەڵێك ئەكتەری بەئەزموونی هەرێمی كوردستان لەگەڵ چەندین ئەكتەری گەنجی كوردستان تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاوان جەماڵ، ڤینا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هۆشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عەسمان، كاوە قادر، عادڵ عەبدولڕەحمان، حەمەڕەشید هەرەس و یانا توانا.

ھەواڵی زیاتر