دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

غازی غەفوورئەستێرەیەكی درەوشاوەی هونەری كوردی و خەباتكارێكی ڕێبازی كوردایەتی

ئەمڕۆ سەردانی غازی غەفوور، هونەرمەندی ناوداری هەولێر و كوردستانم كرد. غازی غەفوور هەموو ژیانی خۆی پێشكەشی خەباتی كوردایەتی و هونەری دراما و شانۆی كوردی كرد، یەكێكە لە دامەزرێنە سەرەكییەكانی یەكێتیی هونەرمەندانی كوردستان و ڕەمزێكی درەوشاوەی هونەر و هونەرمەندانی هەولێرە. ئەو هونەرمەندە خۆشەویستە، لە دوای ڕاپەڕینیشەوە جێپەنجەی دیارە و، ئەستێرەی ڕووناكی تەلەفزیۆنە كوردییەكان بوو؛ جوامێرێكی بەویقارو كوردێكی تێكۆشەرە؛ مخابن ئێستا بە هۆی باری تەندروستییەوە لە كۆڕی خەباتی هونەری دوور كەوتۆتەوە، بەڵام غازی غەفوور لەناو دڵی هەموو هەولێرییەك و تەواوی كوردستانیاندایە.
ئەمڕۆ بە چەپكێ گوڵەوە سەردانمان كرد و هیوای چاكبوونەوەمان بۆ خواست، ئەوەی لە ڕوخساریم دەبینی، سەرباری ئەو هەموو ئازارەی جەستەی، وەك كێوێك بەرامبەر نەخۆشییەكەی ڕاوستابوو، ئاخر ئەوان ڕۆڵەی ڕۆژگارە ئەستەمەكانن. ئەوان پێشمەرگەی هونەرن، لە سەردەمی تاریكستاندا، كە تاقە ڕووناكایی كورد لە لووتكە و ئاسۆگی ئەو چیایانەوە دیار بوو، وا پێشمەرگە ئاوەدانی كردبوونەوە. كە چووین، بە دیتنمان دڵشاد بوو بە خەندە و قسەی خۆشەوە پێشوازیی لێ کردین.

هاودەنگ فارووق