“نوکتەچی” لە کەرکووکەوە بەرەو سلێمانی

دوای سەرکەوتنێکی زۆر شانۆگەریی “نوکتەچی” لە چەندین ناوچە نمایش کرا و تا ئێستایش هەر بەردەوامە؛ وێستگەی دابێی شانۆکە لە شاری سلێمانی دەبێت. دەرهێنەر و ئەکتەری شانۆگەرییەکە تایبەت بە “هەولێر” لێدوانی ناردووە و وردەکارانی کارەکە باس دەکات.

مەریوان زەنگەنە دەرهێنەر و ئەکتەری شانۆگەرییە مۆنۆدرامییەکە تایبەت بە “هەولێر”ی گوت: شانۆگەرییەکە مۆنۆدرامایە، باس لە چەند کێشەیەک دەکات وەک ترسی مرۆڤ لە دەوروبەر و لە شتە دیار و نادیارەکان، ئەمەیش وادەکات مرۆڤ باوەڕی بە بەرامبەر و دواڕۆژ نەبێت و هەمیشە هەوڵ بدات پەنا بەرێتە بەر توندوتیژی یان ئەندێشەی نەخۆش یان هەڵهاتن و تەنیایی کە ئەوەیش دڵەڕاوکێ و گۆشەگیری و گرێی دەروونیی بۆ دروست دەکات؛ هەرچەند هەوڵ دەدات بە هەموو شێوەیەک خۆی رزگار بکات، بەڵام بێئامانجە. هەروەها لە ڕێگەی گێڕانەوەی نوکتەوە کێشەکانی دیکە دەخاتە روو وەک نەهامەتیەکان و دەرهاویشتەکانی جەنگ و کاریگەریی بۆ سەر تاک و کۆمەڵگە و داڕووخانی خێزان و ماڵوێرانی.

پتری گوت: هەوڵمان داوە لەم نمایشەدا کۆمەڵێک تەکنیک بەکار بێنین جگە لە گۆڕینی رۆڵ و بەرجەستەکردنی رۆڵی جیاواز؛ هەروەها وەک بەکارهێنانی گرافیک و دەنگی جیاواز. ئەم پرۆژە شانۆییە بە زمانی کوردی و عەرەبییش کاری لێ کراوە؛ ئێستاکە نمایشە کوردیەکە لە کەرکوک و دەربەندیخان نمایش کراوە و دوای نمایشی سلێمانی بەنیازین بەرەو چەند شار و شارۆچکەیەکی ناو هەرێم بیبەین، دوایی نمایشەکەمان بە زمانی عەرەبی بۆ شارە عەرەبنشینەکان دەبەین.