ژیانی شەهیددكتۆر سەعید چروكایا دەكرێتە رۆمان

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

شەهید دكتۆر (سلێمان چروكایا) ناسراو بە (سەعید چروكایا)، چوار ساڵ لەمەوبەر لە ڕێكەوتی ٢٩/١٠/٢٠١٦ لە كاتی بەرگری لە گەلی كوردستان و لە شەڕی دژ بە داعش لە هەرێمی كوردستان شەهید کەوت؛ نووسەر و رۆماننوس (سەلیم چروكایا) برای ئەو شەهیدە، رۆمانێكی بە زمانی عەرەبی چاپ و بڵاو كردووەتەوە بە ناوی (كلیلی چیاكانمان ون كردووە)؛ ناوەرۆكی ڕۆمانەكە تایبەتە بە ژیان و قارەمانەتیی شەهید دكتۆر سلێمان و ڕۆڵی لە مەیدانی شەڕ و بەرگریدا؛ ئەم پەرتووكە بە پاڵپشتیی (عەزیز وەیسی) فەرماندەی هێزی زێرەڤانی چاپ كراوە.

لە مەراسمێكدا كە لە شاری هەولێر ساز درا (سەلیم چروكایە) نووسەری كتێبەكە تیشكی خستە سەر ناوەرۆكی كتیبەكە و باسی لێوە كرد؛ سەرەتا لەبارەی بیرۆكەی ئەو رۆمانە تازەیەی گوتی: “لە ٢٠١٦ و لە مانگی ١١ لە رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی د. سلێمان چروكایا و بەڕێكردنەوەی لە سنووری فیشخابوورەوە، من لە باشووری كوردستان مامەوە و بۆ ئەو شوێنانە رۆیشتم كە ئەو تێیدا جەنگاوە. كاتێك چوومە ئەو شوێنەی كە ئەو مینێكی پێدا تەقییەوە و گیانی لەدەست دا، ئیدی رووبەڕووی مردنەكەی بوومەوە. ڤیكتۆر هۆگۆ دەڵێت، مرۆڤەكان هەموویان لە ماوەیەكی نادیاردا، مەحكوومن بەو تەرمەی مردنەكەی دوا كەوتووە”.
ئەو نووسەرە باس لە ئامانجی نووسینی ئەو رۆمانە دەكات و، ئاماژە دەدات كە گەلی كوردستان لەوەتەی هەیە زڵمی لێ دەكرێت و داوای هاوكاری دەكات، نموونەش بە د. سەید سلێمان چرۆكایا دەهێنێتەوە كە لە ئەورووپاوە گەڕایەوە بۆ كوردستان تا لە شەڕی داعش هاوكاریی برا پێشمەرگەكانی بكات، كاتێك مینیشی پێدا تەقییەوە، یەك وشەی گوت ئەویش (هاوكاری) بوو، ئامانجی نووسینی ئەو كتێبەی هاوكاریكردنی كوردە.
پێشتر كتێبەكە بە زمانی توركی نووسراوە، بەڵام چروكایە دەڵێت وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی (شێوەزاری كرمانجی) هەروەها وەرگێڕانە ئینگلیزییەكەیشی تەواو بووە و دوایین بڵاوكردنەوەیشی بە زمانی عەرەبی بووە.
لە بەشێكی تری دیمانەكەیدا باسی لە جۆری رۆمانەكەی كرد، چونكە رۆمانەكە ئەوەندە فراوانە، هەندێكجار باسی مێژوو دەكات و هەندێكجار بیۆگرافیك و هەندێك جاریش سیاسی، بۆیە ئەو دەڵێت: “كاتێك كتێبەكەم نووسی بیرم لە جۆرەكەی نەكردەوە، واتە رۆمان بێت یان شتێكی بەڵگەیی و یان مێژوویی بێت و یان داستانی و لێكۆڵینەوە بێت، بیرم لەو شتانە نەكردەوە. كتێبەكەم وا خۆی كۆ دەكاتەوە، كە هەندێك وەكو رۆمان دەیبینن و هەندێكیش وەكوو كتێبێكی مێژوویی و هەندێكیش وەكو داستان. رەخنەگرانی ئەو بوارە بۆ خۆیان جۆری كتێبەكە دیاری دەكەن”.
سەلیم چروكایا بەم شێوەیە ناوەڕۆكی رۆمانەكەی باس كرد و كورتی كردەوە: “ئەو رۆمانە بایۆگرافییەی نووسیوومە، داستانی ١٠٠ ساڵی نەتەوەیەكی چەوسێندراوی ماندووی بەئازارە. باسم لە د. سەید سلێمان چروكایا كردووە كە ژیانێكی ئارامی هەبوو لە ئەڵمانیا، بەڵام هاتەوە باشووری كوردستان تا لە شەڕی داعشدا هاوكاریی پێشمەرگە بكات.”