نزار زێوەیی (پەریزاد) بڵاو دەكاتەوە

هونەرمەندی موزیسیان نزار زێوەیی نوێترین پارچە موزیكی خۆی بڵاو دەكاتەوە كە چەند ئامێرێكی تێدا تێكەڵ و هاوژەن كردوون و بڕیارە رۆژی 25ی ئەم مانگە بڵاوی بكاتەوە.

(پەریزاد) ناوی بەرهەمە نوێیەكەی نزار زێوەییە و وەك خۆی بە (هەولێر)ی راگەیاند، لەم بەرهەمەدا ئامێرەكانی (تار ئەلكتریك، بێز گیتار و كلارنێت و قانون و ئامێرە ریتمییەكان) بەكار هێنراون واتە ئامێرەكانی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایین.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەو ناوەش بۆ بەرهەمەكە، زێوەیی روونی كردەوە، تەنها وەك ناوێكی جوان پەریزادی هەڵبژاردووە؛ بۆ تێكەڵ و هاوژەنكردنی ئامێرە رۆژهەڵات و رۆژئاواییەكان وتی “ویستوومە بەرهەمەكە لە ڕووی دابەشكردنەوە جیاواز بێت و لە كارەكانی ڕابردوو نەچن”.

نزار زێوەیی، سەرپەرشتیاری گروپی موزیكی لوڕە و ئەمساڵیش پارچە موزیكێكی بەناوی (خەیاڵ) بڵاو كردەوە كە (تار و ڤایۆلێن و گیتار)ی تێدا هاوژەن کردبوو. جگە لەوەش ناوبراو بەردەوامە لە پەرەدان بە بڵاوكردنەوەی پارچە موزیکی پەتی بەبێ گۆرانی.

لەو رووەوە وتی “وەزیفەی موزیسیان هەبوونی بەرهەمە، هەروەها زۆربەی ئەو ئامێرانەی ئێمە كاریان لەسەر دەكەین خۆماڵی نییە و لە زۆربەی وڵاتانیش بەكار دێن، وەك چۆن مامۆستا مجتەبای میرزادە كارێكی لەسەر ئامێری ڤایۆلین كرد ئێستا كاتێك گوێگر گوێی لێ دەگرێت وا هەست دەكات كوردییە لە كاتێكدا ئامێرەكە ئیتاڵییە”.

ئەو موزیسیانە وتی “لەڕاستیدا منیش مەبەستمە چەند پارچە موزیكێك دروست بكەم بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ژەنیاری كورد ئەگەر بیەوێت لەو بوارەدا خۆی پەروەردە بكات پەنا بۆ ئەو موزیكە خۆماڵیانە ببات هەم لەڕووی تەكنیكەوە هەمیش مۆركەوە”.

ھەواڵی زیاتر