زێد گرووپ بۆ کاری هونەری یەکەمین ساڵیادی هونەرمەندی کۆچکردوو (عەزیز سەلام)ـی بە ئامادەبوونی (ئومێد خۆشناو) بە ناونیشانی (کۆچ)، پارێزگاری هەولێر و (فەرهەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و خانەوادەکەی له هوتێل چوارچرا لە هەولێر کردەوە.
لە ڕێوڕەسمی ساڵیادەکەدا وتاری (فەرهەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر خوێندرایەوە، کە تیایدا باس لە کار و بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە کرد، کە تەمەنێکی کورت و خزمەتێکی گەورەی بە بزووتنەوەی گۆرانیی کوردی کردووە، بەتایبەت لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠، کە لە هەندەران دەژیا و بە گیرفانی بەتاڵ و هەگبەیەکی پڕ گۆرانییەکانی تۆمار دەکردن، کە پڕ بوون لە جوانی و ئەشق و ئەوین.
گوتیشی: بە داخەوە، کە (عەزیز)ەکەی هەولێر بەبێدەنگی بار و بارگەی تێک نا و بێ خوداحافیزە ماڵی خۆی لە هونەرمەندان جیا کردەوە و ئەو دنیا فانیەی جێ هێشت.
پاشان گۆرانی (کۆچ)، کە یەکێک بوو لە بەرهەمە جوانەکانی ئەو هونەرمەندە کە پێی ناسرابوو جارێکی تر لە لایەن هونەرمەندان (ئیدریس ڕواندوزی، ڕائید شامل، کاروان نانەکەلی، دانا تاهیر ە، وارڤان شێرزاد)ـەوە پێشکەش کرا.
جێگەی باسە، گۆرانی (کۆچ) لە ئاواز و هۆنراوە هونەرمەند (فەرهەنگ غەفوور)ـە و لەسەر ئەرکی (زانا عەلی) سەرۆکی گرووپی زێد بۆ کاری هونەری ئامادەکرابوو پێشکەش کرا.
لە دوا ساتەکانی ڕێوڕەسمەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە چەردەیەک لە هونەرمەندانی ئەمڕۆ کرا، که ئەوانیش بریتی بوون لە (هەرێم محەمەد، کارمەند ڕواندوزی، سەدیق فەقێیانی، ڕێدوان سنجاوی، دانا تاهیر) و هتد.
زانا عەلی سەبارەت بە ڕێکخستنی ئەو ساڵیادە غەمگینە بۆ (عەزیز سەلام)ـی جوانەمەرگ گوتی: بەرامبەر بە خزمەت و تەمەنێکی پڕ لە بەخشش بۆ هونەری کوردی، وەک وەفایەک بڕیارمان دا، کە ساڵیادی ئەو هونەرمەندە ڕۆحشیرینەی هەولێر لەئەستۆ بگرین، کە بۆ خۆی نەژیا و بۆ خزمەتی هونەرەکەی ژیا، تا دنیاش مابێت یادی ئەو هونەرمەندە بەرز ڕادەگرین، بە لەدەستدانیشی، هونەری گۆرانی کەلێنکی گەورەی لێ کەوت.
شایانی باسە، عەزیز سەلام لە ساڵی ١٩٧٣ لە هەولێر چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، لە سەرەتای ساڵانی نەوەتەکان گۆرانی بۆ ئەشق و جوانی چڕیوە و لە ساڵی ٢٠٠١ کوردستانی جێ هێشت و ڕوویکردە وڵاتی بەریتانیا و لەوێ لەگەڵ (کاروان نانەکەلی) موزیکژەندا ئەلبوومێکی نوێی بە ناوی کۆچ بڵاو کردەوه، کە بوو بە ناونیشانی ژیان و مەرگی ئەو هونەرمەندە.
ساڵی ٢٠٢٢ بە یەکجاری گەڕایەوە هەولێر و لە ١٥/١٢/٢٠٢٢ لە ڕووداوێکی نەخوازراودا ماڵئاوایی لە ژیان و هونەر و هونەرمەندان کرد؛ ئەو هونەرمەندە ٣ کچیشی لێ بەجێ ماوە.