لە رۆژی ئاڵادائالین ( کەچ و خورت ) پێشکەش دەکات

خانمە هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان (ئالین) رایگەیاند بەبۆنەی رۆژی ئاڵا بەرهەمێکی هونەری نوێ بڵاو دەکاتەوە بە ناوی (کەچ و خورت).
لەم بارەوە لە لێدونێکیدا رایگەیاند: رۆژی ئاڵا لە هەموو گەلی کوردستان پیرۆز دەکەم له هەر شوێنێکی ئەم زەمینە. تێکستی ئەم گۆرانییە نوێیەم بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمو ئەردەم و رێناس میران نووسیوەتەوە و لە ئاواز و دەرهێنانی رێناس میرانە لە دوایین سەردانم بۆ کوردستان لە قەڵای هەولێر و چەند شوێنێکی دیکە بە ڤیدیۆ کلیپ تۆمارمان کرد و لە رۆژی ئاڵادا پێشکەشی جەماوەری دەکەم هیوادارم جێگای رەزامەندییان بێت.

سەبارەت بە ئامانجی لە م کلیپە وتی: ئامانجی من لە بڵاوکردنەوەی ئەم کلیپە لەو رۆژە پیرۆزەدا بریتییە لە گەیاندنی پەیامێک بە گەلی کوردستان و پێشمەرگە کە ئێمە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی پێشمەرگەین، ئەوانەی بە گیانی خۆیان وڵات دەپارێزن لە هێرشی تیرۆریستانی داعش و نەیارانی گەلی کورد، ئەو نەیارانەی کە هێرشە دوژمنکارانەکانیان دژی گەلی کوردستان چڕ کردۆتەوە.
میللەت و هونەرمەندان هەمیشە پاڵپشتی پێشمەرگە و شەڕڤانان بوون لە هەر شوێنێک و هەر بارودۆخکدابن و ئێمەی هونەرمەندیش بە هونەرەکەمان لە سەنگەری بەرگریداین.

ئالین ئەوەشی راگەیاند: هەر لە رێگای ئەم بەرهەمەوە پەیامێک ئاڕاستەی دوژمن و نەیاران دەکەم کە ئێمەی گەلی کوردستان هیچ کاتێک دەست لە خەون و ئاواتەکانمان هەڵناگرین و تا کۆتایی بوونی خۆمان وەک میللەت و کوردستانیش وەک وڵات دەپارێزین و لە هەر بارودۆخێکدا ئێمە ئامادە نین دەست لە خەبات هەڵبگرین.