سەرۆكی شارەوانی بیدگۆشچ بۆ هونەرمەندانی كورد : كورد گەورەترین گەلی جیهان كە لە خاكەكەی بێبەش كراوە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

لە فێستیڤاڵێكدا لە شاری بیگدۆشچی پۆڵەندا، جیا لە كارە هونەرییەكانی تری كە پەیوەست بە كورد و كوردستانن، هاوكات پێشانگەیەك لە ژێر دروشمی ” كوردستان – ڕوخسارەكانی ڕزگاری” لە مۆزەخانەی شاری بیگدۆشچی ئەو وڵاتە كرایەوە. لەو پێشانگەیە چەندان هونەرمەندی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان بەشدارییان تێدا كردووە.

رافاڵ بروسكی، سەرۆكی شارەوانیی بیگدۆشچی پۆڵەندا ئامادەی پیشانگاكە بوو و وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی پێشانگاكە گرنگە. بەرهەمی هونەرمەندانی كورد بە هێزی هەقیقەتیان ترسناكن، بەڵام هیوابەخشن. پێشانگاكە ڕاستیی هەبوونی یەكێك لە گەورەترین گەلانی جیهان پیشان دەدات، كە لە خاكەكەی بێبەش كراوە.
پێشانگەكە پێک هاتووە لە دەیان كاری هونەرمەندانی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستانەوە كە بریتین لە تابلۆ، گرافیك، وێنەكێشان، ڤیدیۆ ئارت و ئینستەلێشن و وێنە. ئەم پێشانگەیە بە گەورەترین نمایشكردنی بەرهەمی دەستەیەك لە هونەرمەندانی كوردستان دەناسرێت كە تا ئێستە لە ئەوروپا ڕێكخرابێت .
تەواوكەری پێشانگەكە بەرنامەیەكی دەوڵەمەندە لە بۆنە یادەوەرییەكان وەك نمایشكردنی فیلم، كۆنسێرت و سیمینار لەبارەی مێژوو و كولتووری كوردستان.
نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا، هاوكار و یاریدەدەری ئامادەكردن و كردنەوەی پێشانگەكە و كۆی بەرنامەی فێستیڤاڵەكەیە. لە كوردستانەوە حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بەشداریی كردووە.
‏‎پێشانگەكە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی ھەرێمەكەی پۆڵەندا و سەرۆكی شار، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی نیشتمانی و بەڕێوەبەری رۆشنبیریی ھەرێمەكە و بەئامادەبوونی زیاد ڕەئووف نوێنەری حكوومەتی ھەرێم لە پۆڵۆنیا كرایەوە.
پرسی سەربەخۆی هەرێمی كوردستان، یەكێك بوو لەو مژارانەی لە وتارەكانی بەرپرسانی شاری بیگدۆشچ لە رێوڕەسمی كردنەوەی پێشانگەكە باسی لێوە كراوە، بەرپرسانی بیدگۆشچ لە وتارەكان ئاماژەیان بەوە داوە، پۆڵەندا هاوشێوەی هەرێمی كوردستان، پێشتر بە دۆخێكی سەختدا تێپەڕیوە، بەڵام كۆڵی نەدا و بەرهەمەكەی سەربەخۆیی بوو، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستانیش هەوڵی زیاتر بۆ پرسی سەربەخۆیی بدات، بۆ ئەم مەبەستە هونەر و كولتووریش یەكێك لەو رێیانەیە كە كورد دەتوانێ سوودی لێ وەربگرێت تا ئازارەكانی گەلەكەی بە دنیا پێشان بدات.