کورتە فیلمێکی کوردی لە گەرمیانەوە دەچێتە ئوسترالیا

کورتەفیلمی (ڕۆژی حەوتەم)، لە دەرهێنانی (بیلال سەڵاح)ـە لە گەرمیانەوە دەچێتە بنی دنیا؛ ئەو فیلمە کوردییە تا ئێستا چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی جیهاندا بەدەست هێناوە. لە ڕۆژانی ڕابردووشدا خەڵاتێکی دیکەی لە سیناریۆ لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی ئیکۆرهۆڵۆنی بەدەست هێنا؛ئێستاش بەشدارە لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی (مێلبۆرن) لە وڵاتی ئوسترالیا.

بیلال سەڵاح دەرهێنەری ئەو کورتەفیلمە کوردییە لە ئاخاوتنێکی بۆ (هەولێر) دەڵێت: خۆشحاڵم وەک هونەرمەندێکی کوردی بەشدار لە فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی وەک میلبۆرن لە وڵاتی ئوسترالیا، بەشدارم لە بەشی پێشبڕکێی بردنەوەی خەڵاتەکانی ئەو فیستیڤاڵەدا، کە ساڵانە چەندین وڵاتی پێشکەوتووی بواری فیلمسازی تێیدا بەشدار دەبن و ڕکابەری لە بردنەوەی خەڵاتەکان دەکەن؛ فیلمی (ڕۆژی حەوتەم)ـیش، وەک تاکە فیلمی کوردی لە پاڵ دەیان بەرهەمی جیهانییەوە دێتە نمایشکردن و لە لیستی ڕکابەرانی بردنەوەی خەڵاتەکانی ئەو فیستیڤاڵەدا دەبینرێت.

گوتیشی: بەشداری لەو فیستیڤاڵانەدا سەرکەوتنێکی نوێیە بۆ مێژووی سینەمای کوردی، بەتایبەت بۆ دەرهێنەرێکی وەک من، کە لە گەرمیانەوە بێ ئەوەی هیچ کەسێک سەپۆرتی بەرهەمە سینەماییەکەم بکات فیلمەکەم لە کێبڕکێی کیشوەری ئوسترالیا چاوی بڕیوەتە بردنەوەی خەڵاتێکی مێژوویی لەو کیشوەرەدا.