سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

كەویار سەرقاڵی چەند بەرهەمێکی نوێیە

گۆرانیبێژ كەویار، سەرقاڵی چەند بەرهەمێكی هونەرییە و هەندێكیشیان ئۆركسترایین.

گۆرانیبێژ خاتوو كەویار بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئێستا چەند كارێكی نوێی لە بەردەستدایە و هەركاتێك تەواو ببێ، بە شێوەی تاك بڵاویان دەكاتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، بەرهەمەكان سێ تا چوار كاری هونەرین، هەندێكیان ئاوازی نوێیە بەشێوەی ئۆركسترایی كە موزیكی زۆر جوانیان بۆ دانراون، بەڵام نایەوێت لەم كاتەدا وردەكارییەكەیان ئاشكرا بكات تا كاتی بڵاوبوونەوەیان.

سەبارەت بەوەی كاری ئۆركسترایی بۆ تەمەنە هونەرییەکەی ئێستای ئەو، قورس نییە، كەویار وتی “نەخێر بۆ من زەحمەت نییە، لەبەرئەوەی لەگەڵ موزیسیانی ئاستبەرزدا كارم كردووە”.

كەویار چەند ساڵێكە هاتۆتە بواری گۆرانیچڕینەوە و چەندین بەرهەمی بڵاو كردۆتەوە و زیاتریش بە دووبارەكردنەوەی گۆرانییەكانی هونەرمەندی گەورە مەزهەر خالقی دەستی بە كاری هونەری كردووە. كەویار ئەمساڵ لەگەڵ موزیسیان رێبین سالاردا چوونە ژیانی هاوسەرییەوە.