هونەرمەندی گۆرانیبێژ (ڕۆژ کەریم) دوای ماوەیەکی دوورودرێژ لە بێدەنگی و کاری نوێ، بێدەنگی دەشکێنێت و بە گۆرانییەکی نوێوە دەگەڕێتەوە نێو باوەشی هونەرەکەی.
بەرهەمە تازەکەی (ڕۆژ کەریم) ناو نراوە (ساڵانێک)، کە لە تێکستی مازیار فایەق و ئاواز و دابەشکردنی هونەرمەند خۆیەتی و سێتی کەمانچە ئەلەند کامل و دەرهێنانی دیار مەهدییە، لە پاڵ ئەو گۆرانیەشدا چەند بەرهەمێکی نوێی ئامادە کردووە کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ بڵاو بکرێنەوە.
لە لێدوانێکیش بۆ (هەولێر) دەڵێت: بەرهەمی (ساڵانێک) لە دوای وچانێکی زۆر دێت لە کار و پرۆژە هونەرییەکانم، کە هەوادارانم دەمێکە چاوەڕوانن بۆ بەرهەمی تازەی من، بەڵام وەک سوپرایزێک پێیان ڕادەگەیەنم، کە دوای گۆرانیی ساڵانێک، چەند بەرهەمێکی دیکەم تۆمار کردووە، ناوەناوە لە ڕێگەی چەناڵی تایبەتی خۆم لە یوتیوب و ئینستگرام و کەناڵە ئاسمانیەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.
هاوکات لە ماوەیەکی نزیکیشدا کار بۆ ئەلبوومێکی نوێی گۆرانی دەکەم.
گوتیشی: دوورکەوتنەوەم لە بواری گۆرانی دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی کوردستان و سەختیی کارکردن بۆ پڕۆژەی نوێ لە ئەورووپا و تێچووی بەرهەمەکان، بەڵام لەم ماوەیەدا هەوڵم داوە، کە قەرەبووی چاوەڕوانی هەوادارەکانم بکەمەوە بە پێشکەشکردنی چەند بەرهەمێکی تازە، کە دڵنیام بە زوویی خۆیان لە دڵی جەماوەرەکەمدا جێ دەکەنەوە.