هونەرمەندی بەناوبانگی شانۆیی شاری هەولێر سەباح عەبدولڕەحمان دوای 10 ساڵ دابڕانی لە كاری دەرهێنانی شانۆیی، رۆژی هەینی بەرهەمێكی نوێ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بۆ شانۆ نمایش دەكرێت.
چەند رۆژێكە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ دەستی بە كارەكانی كردووە و بڕیاریشە رۆژی هەینی داهاتوو 18-11-2022 كە دوارۆژی فیستیڤاڵە، هونەرمەند سەباح عەبدوڵڕەحمان نوێترین بەرهەمی شانۆیی خۆی تێدا نمایش بكات.
هونەرمەندی بەناوبانگی شانۆیی شاری هەولێر سەباح عەبدولڕەحمان بە (هەولێر)ی راگەیاند “بەرهەمەكە بێ دەق و تێكستە و پشت بە بیرۆكە و توانای ئەكتەر دەبەستێت، دەبێت ئەكتەرەكان باكگراوندێكی باشی مەعریفییان لەڕووی هونەری و زانیاری گشتی هەبێت، چونكە لەو شانۆییەدا بینەر بەشدار دەبێت لە نمایشەكە و رەنگە هەڵوێستیان هەبێت، بۆیە دەبێت ئەكتەرەكە خەیاڵی فراوانی هەبێت و توانای وەڵامدانەوەی پرسیاری هەبێت”.
(روتە و سەگ و بەگ) ناوی بەرهەمە شانۆییەكەی سەباح عەبدولڕەحمانە و لەو رووەوە وتی “لەكۆمەڵگەدا (روتە) بۆ ئەو كەسانە بەكاردەهێنرێت كە بێكەس و هەژارن و هیچیان نییە، (سەگ)یش ناوبژێوە لەنێوان روتە و بەگ، بەگیش نازناوە دەدرێتە خەڵكی دەوڵەمەند، وشەی بەگ لەئاستی جیهانیشدا بەكاردێت، نەك ئەوەی ئێمە مەسەلە عەشارییەكەمان وەرگرتبێت، بەڵكو ئێمە بەسیفەتی خەڵكی خواپێداوێكی چاوچنۆك وەرمانگرتووە”.
سەبارەت بەوەی ئەو ماوەی نزیكەی 10 ساڵە كاری دەرهێنانی بۆ بەرهەمی شانۆیی نەكردوە و چۆن بوو ئەمساڵ ئەو بەرهەمەی كردووە، ناوبراو وتی “مامۆستا هیوا سوعاد، بەڕێوەبەری شانۆی هەولێر تەكلیفی كرد بۆ رێزلێنانم و وتیشی حەز دەكەم ئیشێكت هەبێت، بۆیە بیرم لەوە كردەوە بەو فۆرمە كار بكەم”.
هەروەها وتی “رۆژی هەینی 18ی ئەم مانگە لە كۆتا رۆژی فیستیڤاڵ بەرهەمەكە نمایش دەكرێت هەم وەك خەڵاتیش بۆ ئەو میوانە بیانیانەی دێنە فیستیڤاڵەكە”.
دەربارەی ئەوەی بۆچی بەرهەمەكەیان بەشداری كێبڕكێی شانۆییەكانی دیكەی نەكرد، ئەو هونەرمەندە وتی “لەبەرئەوەی كاتەكە بۆ ئامادەكردنی شانۆییەكە زۆر كەم بوو، لیژنەی دادوەریش پێوەریان هەیە، چونكە فیستیڤاڵی شانۆییە بەمانای دەق و نووسەر، بەڵام ئەوەی ئێمە لەو پێوەرانە نییە”.
لەو بەرهەمەدا چەند هونەرمەندێكی بەتوانا رۆڵ دەبینن ئەوانیش (فەیسەڵ محەمەد، زاهیر عەبدوڵا، سیروان عوسمان و بەكر مەعروف)، زاهیر عەبدوڵا بە (هەولێر)ی راگەیاند “لەشانۆییەكەدا چەند قسەیەك دەستنیشانكراوە و لە كاتی نمایشدا رەنگە گۆڕانكاری تێدا بكرێت و وتی بۆ ئەكتەری وەك ئێمە قورس نییە كاری لەو شێوەیە، چونكە پێشتریش ئیشی لەو شێوەیەمان كردووە”.
سەبارەت بەوەشی چۆنە ئەمجارە سەباح عەبدولڕەحمان ئەو بەرهەمەی ئامادەكردووە، زاهیر عەبدوڵا وتی “مامۆستا سەباح دەمێكە دابڕاوە و هەمیش لەبەرئەوەی شانۆ زۆرتر دابڕاوە لە هەولێر، هەمانكات مامۆستا سەباح رابەری شانۆی هەولێرە، ئێستاش بە هەوڵی هەموولا هاتینەوە و بەردەوام دەبین”.