سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بورهان خۆشناو چەند بەرهەمێكی نوێ تۆمار دەكات

هونەرمەند بورهان خۆشناو چەند بەرهەمێكی نوێی تۆمار كردووە كە هەندێكیان مەقامن و یەكێكیشیان بڵاوكرایەوە.

هونەرمەند بورهان خۆشناو بە (هەولێر)ـی راگەیاند، لەم ماوەیەی رابردوودا گروپی موزیكی وەفایی لە رۆژهەڵاتی كوردستان هاتبوونە شاری هەولێر و میوانی بوون، بۆیە ئەویش بەباشی زانیوە لەگەڵ ئەو موزیسیانانە و چەند موزیسیانێكی شاری هەولێر چەند بەرهەمێك تۆمار بكەن.

خۆشناو ئاماژەی بەوەكرد، ئەو كارانە چوار بەرهەمن یەكێكیان مەقامە بەناوی رۆژگار، تێكستی كاوە حسێن و ئەوانەی تر گۆرانی و مەقامن و زیاتر ریتیمن، یەكێكیان ئاوازی مامۆستا رەسوڵ گەردییە، ئەوەی تریش فۆلكلۆرە و مامۆستا عەلی مەردانیش وتویەتی، بەرهەمێكی دیكەش ئاوازی خۆیەتی.

بورهان خۆشناو روونیكردەوە، بەرهەمی رۆژگار لەگەڵ دۆخی ئێستای كوردستان دەگونجێت، بەڵام بەشێكی دیكەی كارەكانی مەقام و حەیران و لاوكن، چونكە وەك هونەرمەندێك خۆی لە بوری مەقاماتدا دەدۆزێتەوە و تا ئەندازەیەك دەتوانێت لە بواری مەقامات كار بكەم.

ئەم هونەرمەندە ئاشكرایكرد، بەرهەمی یەكەمیان رۆژگار بڵاوكراوەتەوە و بەرهەمەكانی دیكەش لە داهاتوودا بەشێوەی كلیپ بڵاو دەكاتەوە.

بورهان خۆشناو زیاتر لە 20 ساڵە هاتۆتە بواری هونەری كوردییەوە و تائێستا چەند بەرهەم و كلیپی بڵاوكردۆتەوە.