(شەپۆلەكانی موزیك) هونەرمەندانی چەند وڵاتێكی لە سلێمانی كۆ كردەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی بە هاوكاری پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی كۆنسێرتێكی موزیكیان ساز كرد كە هونەرمەندانی چەند وڵاتێكیان پێكەوە كۆ كردەوە.

شەوی پێنجشەممە لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، كۆنسێرتی (شەپۆلەكانی موزیك) بەڕێوە چوو كە تیایدا هونەرمەندانی موزیسیانی ئەڵمانی و فەرەنسی و عێراق و باش2ور و رۆژئاوای كوردستان بەشدار بوون و چەند بەرهەمێكی موزیكیان بەشێوەی ئۆركسترایی پێشكەش كرد.

د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەو كۆنسێرتە بەرهەمی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان و پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی بوو كە چەند موزیسیانێكی ئەڵمانی و فەڕەنسی و عێراقی و كورد بەشداربوون، ئەوان نزیكەی 10 رۆژ پرۆڤەیان كردووە بۆ ئەوەی بەرهەمێكی هاوبەشی كوردی و عەرەبی و ئەڵمانییان هەبێت، كۆنسێرتەكە گرنگ بوو، چونكە موزیك و گۆرانی لەو ئامرازانەن كە بۆچوونە جیاوازەكان كۆ دەكەنەوە.

میشێڵ گۆدارد، یەكێك لەو موزیسیانە ئەڵمانییانەی سەرپەرشتی كۆنسێرتەكەی دەكرد رایگەیاند “ئێستا كاتی ئەوەیە بڵێم من بەهۆی موزیكەوە سەفەری زۆرم كردووە، بەڵام كوردستان جیاواز بوو، موزیسیانەكان لە شاری جیاواز هاتوون و موزیك بەیەكەوەی بەستینەوە، لەم ماوەیەدا زۆر شت فێربووین لە زمان و كلتور، هیوادارین سوودتان لە بەرهەمەكانمان وەرگرتبێت”.

هەروەها ئانێت مایا، یەكێكی دیكە لە موزیسیانە بیانییەكان رایگەیاند “منیش بەشداری زۆربەی كۆنسێرتە جیهانییەكانم كردووە، بەڵام ئەوە یەكەمجار بوو بێمە كوردستان و زۆر خۆشحاڵ بووم و سوودی زۆرمان وەرگرت”.

ئەحمەد كورداغ، كوردی رۆژئاوای كوردستان وەك گۆرانیبێژ بەشداری كۆنسێرتەكەی كردبوو بە (هەولێر)ی راگەیاند “لەشاری هەولێر دەژیم و لەڕێگەی نامەوە ئاگاداركرامەوە بۆ ئەو كۆنسێرتە و پێم باشبوو بەشدار بم، ئەم چالاكییە زۆر باشبوو بۆ من، چونكە وەك خەونێك بوو تا شتی نوێ فێر بین”.

ھەواڵی زیاتر