ژنە دەرهێنەرێکی کورد خەڵاتێکی فیستیڤاڵی کان بەدەست دێنێت

شیرین جیهانی دوای ساڵانێک دابڕان لە کوردستان و بواری فیلمسازی، ئەمساڵ بە کورتەفیلمی پەپوولەی ڕەش، وەک یەکێک لە پێنج کورتەفیلمی هەرە باشی فێستیڤاڵی کان دەستنیشان کرا و ڕێزلێنانی تایبەتی فێستیڤاڵەکەی پێشکەش کرا.

‘کورتەفیلمی پەپوولەی ڕەش لە شاری ڤانکۆڤەری کەنەدا بەرهەم هاتووە و باس لە رەگەزپەرستی و جیاکاری لە نێوان مرۆڤەکاندا دەکات.

دەرهێنەری فیلمەکە ”شیرین جیهانی” سەبارەت بە ناوەرۆکی نوێترین بەرهەمی بە (هەولێر) ڕاگەیاند: ناوەرۆکی فیلمەکەم باس لە دیاردەی رەگەزپەرەستی و هەڵاواردنی مرۆڤەکان دەکات لەبەر هۆکاری وەک رەنگ، روخسار و..هتد، بەڵام چیرۆک و بەسەرهاتی فیلمەکە وێستگەیەکی سەرنجڕاکێش دەگێڕێتەوە و پێچەوانەکەی دەردەخات.

شیرین جیهانی ئاماژەی بەوەش دا، ماوەی فیلمەکە 15 خولەکە و بە زمانی ئینگلیزییە و لەلایەن تیمێکی توانای کەنەدی بەرهەم هاتووە کە چەند ئەستێرەیەکی دیاری سینەمایی شاری ڤانکۆڤەر تێیدا رۆڵ دەگێڕن.

جەژنەفیلمی ”کان” کە لە فەرەنسا بەڕێوە دەچێ ئەمساڵ لە 26 وڵاتی جیهانەوە چەندین فیلم بۆ فێستیڤاڵەکە نێردرابوون، لە نێویاندا تەنیا 100 فیلم هەڵبژێردران و لە نێو ئەو بەرهەمانەدا کورتەفیلمی ”پەپوولەی ڕەش” بە یەکێک لە پێنج کورتەفیلمی هەرە باشی فێستیڤاڵەکە دەستنیشان کرا و رێزلێنانی تایبەتی فێستیڤاڵەکەی پێشکەش کرا.

ھەواڵی زیاتر