فیلمێکی کەی بەهار لە فەرەنسا نمایش دەکرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ژان رەوچ لە پاریسی فەرەنسا، رۆژێک بۆ کەرکووک تەرخان کردووە و چەند فیلمێک لەبارەیەوە پێشان دەدرێن، یەکێک لەوانە فیلمێکی کەی بەهار، دەرهێنەری کوردە.

هونەرمەند کەی بەهار لە لێدوانێکی میدیاییدا گوتی: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ژان رەوچ لە پاریس، چالاکییەکی چوار رۆژە دەکات و بە شاری کەرکووک، حەلەب، بەیرووت و ئەسکەندەریە تایبەت کراوە، تێیدا چەند فیلمێک پێشان دەدرێن، دوایی لە چەند پانێڵێکدا گفتوگۆ لەبارەی فیلمەکان و ئەو چوار شارە دەکرێت.
چالاکییەکە لە 21-24 تشرینی دووەمی 2022 لە پاریس بەڕێوە دەچێت و هەر رۆژێک و بۆ شارێک تەرخان کراوە و چەند فیلمێک پێشان دەدرێن.
فیلمێکی ئەو دەرهێنەرە بەناوی ‘گەڕانەوە بۆ کەرکوک، ساڵێک لە ناو ئاگر’ وەک فیلمی سەرەکی بۆ ئەو چالاکییەی هەڵبژێردراوە، کەی بەهار لەمبارەیەوە دەڵێت، رێکخەرانی فێستیڤاڵی فیلمی ژان رەوچ، فیلمەکەیان لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن بینیبوو و فیلمەکە هۆکاری ئەوە بووە، رۆژێک بۆ کەرکووک تەرخان بکەن و لەگەڵ چەند کورتەفیلمێک پێشانی بدەن.
کەی بەهار، روونیشی کردەوە، بۆ ئەو چالاکییە بانگهێشت کراوە و ئامادە دەبێت و دوای پێشاندانی فیلمەکان، لە پانێڵێکدا بەشدار دەبێت و لەبارەی کەرکووک و فیلمەکەی زانیاری دەدات.
سەرۆکایەتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ژان رەوچ، ساڵانە ئەو چالاکییە دەکات و چەند شارێک دیاریی دەکات و فیلم لەبارەی شارەکە پێشاندەدات و گرنگی بەو شار و میللەتانە دەدات کە کەمتر ناسراون.
‘گەڕانەوە بۆ کەرکوک، ساڵێک لە ناو ئاگر’ لە 2005-2006 بەرهەم هاتووە و لە چەندین کەناڵ پێشاندراوە، لەوانە تۆڕی میدیایی رووداو، بی بی سی و جەزیرە و چەندین کەناڵی دیکە و دەنگدانەوەی زۆری هەبووە.
بەشێکی بەڵگ فیلمەکە باس لە ژیانی کەی بەهار دەکات کە لە تەمەنی 14 ساڵاندا لە سەردەمی رژێمی بەعس لە کەرکووک، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر دەکرێت، دوای 25 ساڵ لە دەربەدەری، ئەو هاونیشتمانییەی دانیشتووی بەریتانیا، گەڕایەوە زێدی خۆی بۆ بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان لە یەکەمین دەنگدان دوای نەمانی رژێمی بەعس.
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەو چالاکییەدا ئامادە دەبێت و ژمارەیەک کەسایەتی بانگهێشت دەکرێن کە بایەخ بە دۆزی کورد دەدەن.
کەی بەهار، دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەری فیلمە و لە بەریتانیا دەژیێ، خاوەنی 21 فیلمی کورت و درێژە، لە 2003 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە فیلم و میدیا لە کۆلێژی بیرکبێک لە لەندەنی بەریتانیا بەدەست هێنا و ماستەری لە فیلمکاری لە زانکۆی باس سپای بەریتانیا لە 2020 بەدەست ھێنا.
یەکێک لە فیلمە بەناوبانگەکانی ئەو دەرهێنەرە کوردە، بە ناوی ‘I am Sami’یە کە زیاتر لە 150 پێشاندانی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا هەبووە و 53 خەڵاتی بەدەست هێناوە.

ھەواڵی زیاتر