گۆرانیبێژی گەنج و ناسراوی نێوەندە هونەرییەکەی ئێستا ” گەشتیار عومەر” دوای چەند کارێکی ناوازە و پڕ بینەر لە ئێستادا دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ “ڕۆژنامەی هەولێر” ساز کردووە و وەڵامی چەندین پرسیارمان دەداتەوە.
٭ سەرەتا پێمان خۆشە باس لە دەستپێکی کاری هونەریت بکەیت ؟
ـ دەستپێکی کاری هونەریم ٢٠١٢-٢٠١٣ بوو؛ لە سۆشیال میدیا لە ٢٠١٥-٢٠١٦ بووە و تیڤیش لە ٢٠١٨ـوە دەستی پێکرد هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆ کە بەردەوامم.
٭ گۆرانی “لاۆ لاۆ” که بە دەفێکەوە دەیڵێیتەوە، بیرت لەوە نەکردەوە کلیپێکی جیاوازی بۆ بکەیت ؟
ـ گۆرانی لاۆ لاۆ یەکێک لە سەرکەوتنەکانی من بوو، هەرچەندە من خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو بەرهەمە نیم، زۆرێک لە هونەرمەندان ئەم بەرهەمەیان دووبارە کردەوە، بەڵام ئەو بەرهەمە بە دەنگی من دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو وە من ئەو گۆرانییەم زۆر خۆش دەوێ، وە بیریشم کردەوە کە بە شێوازێکی پڕۆفیشناڵانە تر دووبارەی بکەمەوە، بەڵام بەو ستایلە سادەیە دەنگ دانەوەیەکی باشی هەبوو بۆیە نەمویست دوبارەی بکەمەوە.
٭ بەڕای دەف تۆ دەتواندرێ لە ستایلە مۆدێرنەکانیش بەکاربهێندرێت و ببێتە یەکێک لە ئامێرە سەرەکییەکان؟
ـ ئامێری دەف یەکێکە لە ئامێرە کۆنەکان کە مرۆڤ زۆر بەکاریهێناوە بە تایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر لە بۆنە ئاینیەکان وەک ئامێرێکی سەرەکی دەرکەوتووە، وە بە ڕای من ئامێری دەف یەکێکە لە ئامێرە سەرەکییەکان کە ئێستایش لە زۆربەی بەرهەمەکان بەرجەستە دەکرێ.
٭ پێت خۆشە لەگەڵ کێ دوێتت هەبێ؟ ئەی هیچ بەرهەمێکی دوێتت ئامادەیە بۆ ئێستا؟
ـ کاری دوێتم بە لاوە جوانە و سەرکەوتووتر دەیبینم، بەڵام وەک خۆم بیرم لەوە نەکردووەتەوە کە بیکەم و هیچ بەرهەمێکی دوێتیشم ئامادە نییە.
٭ بە کورتی قسەت لەسەر ئەم هونەرمەندانە چییە، “بیژەنی کامکار، عەدنان کەریم، کیژانی ئیبراهیم خەیات”؟
ـ بێژەنی کامکاران و عەدنان کەریم و کیژان دەتوانم بڵێم هونەرمەندانی وەک ئێمە دەتوانین وەک قوتابخانەیەک لەم مامۆستایانە بڕوانین.
٭ زۆر کەس دەڵێن دەتوانی زۆر بەباشی گۆرانی فەرهاد زیرەک بڵێیتەوە، تۆ ئەو هونەرمەندە بە ستایلێکی تایبەت و مامۆستایەکی دەزانی؟
ـ فەرهاد زیرەک یەکێکە لە هونەرمەندە مەزنەکانی هەولێر کە بە گۆرانییەکانی جێگای خۆی لە دڵی هەموومان کردووەتەوە؛ کۆمەڵە بەرهەمێکی جوانی جێ هێشتوە و ستایلێکی تایبەت بە خۆی هەیە لە گۆرانیگوتندا. هیوای تەندوستییەکی باشی بۆ دەخوازم.
٭ سادەیی بۆ هونەرمەند تا چەند گرینگە؟
ـ هیچ مرۆڤێک پێویست ناکا ئەسڵەن پۆز بە سادەییەوە لێبدات، چونکە سادەیی ئەرکی هونەرمەندە نەک مافێکی ئارەزوومەندانە، ئەگەر گوێگر نەبێ گۆرانی بۆ کێ دەوترێ؟ بۆیە نابێت خاوەن دوکان پۆز بەسەر کڕیارەکانیدا لێ بدات، ئەگەر وابێت هەر دوکاندار زۆرە.
٭ گۆرانیی پێکی ئەشق، لە ئاست چاوەڕوانی تۆبوو؟
ـ گۆرانیی پێکی ئەشق بۆ من سەرکەوتنێکی باشی هەبوو، چونکە پێشتر من ئەم ستایلەم تاقی نەکردبووەوە، سوپاس بۆ خوا گوێگرەکانیشم دەستخۆشییەکی باشیان هەبوو؛ زۆر کەسانی هونەری، دەستخۆشییان هەبوو؛ ئەوە بۆ من زۆر جێگای دلخۆشی بوو.
٭ کۆتا پەیامت چییە و پێمان خۆشە ئەگەر بەرهەمی نوێت هەبێ ؟
ـ لە کۆتاییدا سوپاس بۆ بەسەرکردنەوەم؛ هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم؛ جارێ هیچ بەرهەمێکم ئامادە نییە، بەڵام هەوڵ دەدەم لە ئایندەیەکی نزیکدا بەرهەمی نوێ بڵاو بکەمەوە.