حوسام ڕەسام بۆ رۆژنامەی هەولێر: دەمەوێت دوێتێک لەگەڵ هونەرمەندێکی کورددا بکەم

یەکێک لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی عێراقی حوسام رەسامە، کە ماوەی ساڵێکە دووەمین جارە سەردانی هەولێر دەکات و دەبێتە میوانی پایتەخت، حوسام بە هونەرمەندێکی رۆحسووک و خوێنشیرین و نیشتمانپەروەر لە نێو خەڵکدا ناسراوە، لە دەرفەتێکدا چەند پرسیارێکمان ئاراستە کرد.

* لە یەکێک لە مەقامەکانت باس لە ماستی هەولێر دەکەیت تێرت لەو ماستەی هەولێر خواردووە؟

– بەڵێ، من لەو مەقامەدا باسی زۆر لە شارەکانم کردووە، بەنموونە زی قار و ماستی هەولێر و زۆرى دیکە، بەڵام راستیەکەی ئەوەیە، کە لە هەر شوێنێک شتێکت خوارد نابێت لەبیری بکەیت و بێگومان تامەزرۆی ماستی هەولێرم و زۆرم لێ نەخواردووە.

* تۆ کە ئەوەندە سەردانی هەولێر دەکەى پێم وایە بۆنی بەغدای کۆن لەم شارە دەکەیت تا چەند ئەو قسەیە راستە؟

– بۆ من هەموو شارەکانی عێراق وەک یەک وان و بەڵێ، هەولێر بۆ من شارى دایکە.

*بەنیازیت یەکجارى لێرە بژیت؟

– جارێ ناتوانم، بەڵام رەنگە دواى ساڵێکی دیکە بێمەوە لێرە بژیم؛ د. روشدی جاف، خاوەنی کۆمپانیای دەشتی بەهەشت، یەکەیەکی نیشتەجێبوونی پێ بەخشیوم.

* بۆچى تاوەکو ئێستا حوسام هیچ گۆرانیەکی بە زمانی کوردی نەچڕیوە؟

– من دەمێکە هەوڵ دەدەم فێرە زمانی کوردی ببم و بە زمانی شیرینی کوردی گۆرانی بڵێم، بەڵام دەرفەتێکم بۆ نەڕەخساوە تاوەکو بیڵێم، بەڵام ئێستا کەوتووینەتە رێکەوتنێک لەگەڵ هونەرمەندی رۆحسووک عەزیز وەیسی بۆ ئەوەى گۆرانییەکی دوێت بەیەکەوە بڵێین بە هەردوو زمانەکە؛ عەرەبی و کوردی؛ لەم گۆرانییەدا من بە کوردی گۆرانی دەڵێم و عەزیز وەیسی بە پێچەوانەى من بە عەرەبی گۆرانی دەچڕێت. بەڵێنیش دەدەم کە لە ئەلبوومە تازەکەمدا دوو گۆرانی بە زمانی کوردی بڵێم.

* لە کلیپی ئەم گۆرانییەدا جلی کوردی لەبەر دەکەیت؟

– بەڵێ زۆر بە شانازییەوە جلی کوردی دەپۆشم و لە چەندین بۆنەی دیکەدا لەبەرم کردووە و زۆر لەلام جوانە.

* ژنت هێناوە؟

– نەخێر، چونکە هێشتا منداڵم و هەرزەکارم، زیاتر گرنگیم بە بوارەکەم داوە کە ئەویش هونەرى گۆرانیگوتنە.

* پێوەندیت لەگەڵ بەرپرسانی ئێرە چۆنە؟

– من دەتوانم بڵێم هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵ بەرپرسانی ئێرەدا نییە، نە لە هەرێمی کوردستان نە لە حکوومەتی ناوەند.

* دەڵێن حوسام هەڵگرى چەندین ڕەگەزنامەى جیاوازە ئەم قسەیە تا چەند راستە؟

– نەخێر، تەنها یەک رەگەزنام هەیە ئەویش عێراقییە و چەندین مافی پەنابەرێیەتیشم لە وڵاتانی وەکو (ئەمریکا و ئوردن و ئیمارات) پێ دراوە، کە ئەویش هۆکارەکەى دیارە کە بەهۆى نەبوونی سەقامگیرى لە عێراق رووم کردۆتە ئەو وڵاتانەوە و ئێستاش لە ئەمریکا نیشتەجێمە.

* ئاواتەکانی حوسام چییە؟

– هیواى گەورەی من ئەوەیە ئەمجارە بێمەوە هەولێر بە زمانی کوردی قسە بکەم و فێری ئەو زمانە شیرینە ببم؛ جگە لەمەش بە ئاواتم سەقامگیرى روو لە هەموو عێراق بکات و ئەمن و ئاسایش لەم وڵاتەدا بەرقەرار بێت، وەک ئەوەى ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت.

* خۆت بە قەرزارى کێ دەزانیت؟

– من تەنها ئەوە دەڵێم کە قەرزارى وەفا و سۆزى خەڵکی هەولێرم، بۆیە زیاتر حەز دەکەم بە کوردی قسە بکەم بۆ ئەوەى بتوانم سوپاسی ئەو هەست و سۆزەیان بکەم، کە بەم شێوەیە رێز لە هونەر و هونەرمەندان دەگرن.

* لە کۆتاییدا چیت ماوە بیڵێیت؟

– لێرەوە زۆر سوپاسی رۆژنامەکەتان دەکەم و چاوى یەکە یەکەتان ماچ دەکەم، رێز و خۆشەویستیم بۆتان هەیە، کە لەم دەرفەتەدا منتان بەسەر کردەوە و بەهیوام زیاتر بایەخ بە بوارى هونەرى بدەن و هەر سەرکەوتوو بن.