شێوەكارانی ١٠ وڵات پێكەوە لە سیمپۆزیۆمێكدا

ناوەندی حەوت رەنگە بە هاوكاریی دوو نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چوارەمین سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی لە شاری سلێمانی رێك دەخات.

بە بەشداری 34 شێوەكار و پەیكەرساز و لە 10 وڵاتی جیهانەوە، ئەمڕۆ شەممە 15ی 10ی 2022، لە كارگەی جگەرەی سلێمانیدا، ناوەندی حەوت رەنگە بە هاوكاریی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سوید و بەریتانیا، رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت و چەند كەسایەتییەكی سلێمانی، چوارەمین سیمپۆزیۆمی رێک خست.

بەختیار سەعید، خاوەنی ناوەندی حەوت رەنگە بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەمساڵ بۆ چوارەم ساڵ سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی دەكەن بۆ ئاشناكردنی هونەرمەندان بە یەكتر كە چوار رۆژ پێكەوە و لە شوێنێكدا كار دەكەن، دواتریش سەردانی ناوەندە كولتوروی و هونەرییەكان دەكەن.

ناوبراو روونی كردەوە، هونەرمەندان سێ تابلۆ دەكەن و ئازادن لەم پڕۆژەیەدا چ كارێك دەكەن، هەروەها ئەوەی دەبێتە سپۆنسەر بایی سپۆنسەرەكەی تابلۆی وەك دیاری پێ دەدرێت، بەڵام سێیەم تابلۆ بۆ هونەرمەندەكە خۆی دەبێت، لەرۆژی كۆتاییشدا بەرهەمەكانیان نمایش دەكرێن.

محەمەد فەتاح، شێوەكاری ناسراوی كورد و بەشداربووی ئەم پڕۆژەیە بۆ (هەولێر) رایگەیاند، ئەم سیمپۆزیۆمە دیدارێكی شێوەكارییە و ئەزموونێكی باشە بۆ هونەرمەندان كە پێكەوە كار دەكەن و یەكتر دەناسن، هونەرمەندانی دەرەوەش لە كولتووری كورد شارەزا دەبن.

ئەم هونەرمەندە وتی “خۆم چوومەتە وڵاتانی دیكە بۆ سیمپۆزیۆم و سودی زۆرە، چونكە جگە لە كاری پراكتیك، ئاڵوگۆڕی دوا ستایڵەكانی هونەر دەكرێت لەنێوان هونەرمەندان”.

هەروەها ئیبتیسام ئەحمەد شێوەكاری وڵاتی قەتەر و بەشداری پڕۆژەكە بە (هەولێر)ی راگەیاند “یەكەم جارمە دێمە كوردستان و شاری سلێمانی، بەڵام دەبینین ناوچەیەكی زۆر خۆشە و خەڵكەكەی زۆر باشن، ئەم سیمپۆزیۆمەش كارێكی زۆر باشە بۆ ناساندنی هونەرمەندان و هیوادارین سەر بگرێت”.

ھەواڵی زیاتر