وا بڕیارە بەم نزیكانە گۆرانیبێژ رێبەر دڵشاد یەكەم بەرهەمی خۆی لە گەشتێكدا بڵاو بكاتەوە كە هونەرمەند نزار زێوەیی، كارە هونەرییەكانی بۆ ئامادە كردووە.
گۆرانیبێژ رێبەر دڵشاد بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەم بەرهەمەی بە ناوی (گەشتی رێبەر)ە كە چەند گۆرانییەكی ناوچە جیاوازەكانی كوردستانی كۆ كردۆتەوە؛ ئینجاکەیش پێیان باش بووە بەرهەمەكە ناو بنێن گەشتی رێبەر.
سەبارەت بە جۆری ستایڵەكەش كە ئایا فۆلكلۆرە یان سوننەتی، ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد “بەرهەمەكە سوننەتییەکی تەواو نییە، چونكە لەم ساڵانەی دواییدا موزیك گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و بەگشتی سوننەتی گوێگری كەم بۆتەوە، بەڵام لە سای توانستی مامۆستا نزار زێوەییەوە بەرهەمەكەیان كردۆتە فۆلكلۆرێكی مۆدێرن”.
رێبەر بۆ ئەم بەرهەمەی سوودی لە چەند بەرهەمێكی ناوچە جیاوازەكان وەرگرتووە ئەوانیش (گەرمیان، گەڕیانی رۆژهەڵات، هەولێر، سلێمانی، لوڕستان و بادینان)، دەربارەی ئەوەشی قورس نییە بە ستایلی ئەو ناوچانە لە یەك بەرهەمدا كۆ بكاتەوە، ناوبراو وتی “وەك خۆم زۆر حەزم لە بابەتە كوردییەكانە و هەوڵمان داوە كارێكی جوان و باش بكەین، دواجاریش دەبێت گوێگر بڕیاری كۆتایی لە بەرهەمەكە بكات، بەڵام بە گشتی دەنگم تواناییەكی فراوانی بۆ ستایلە جیاوازەكان هەیە”.
ئەم بەرهەمە بڕیار فەتاح كاری كلیپی بۆ كردووە، لەو بارەیەوە رێبەر ئاماژەی بەوە كرد، هەوڵیان دابوو بۆ هەر بەرهەمێك بڕۆنە ناوچەكەی خۆی، بەڵام لەبەر باری ماددی و تەكنیكیەوە بەرهەمەكە لە سنوری شاری سلێمانی كلیپی بۆ كراوە.
جگە لەم بەرهەمە، رێبەر بەنیازی كارێكی دیكەیە بە ناوی (درۆ) كە ئەویش ئاوازێكی فارسییە و، بڕیار فەتاح كاری كلیپی بۆ كردووە.