سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

گەورەترین پێشانگای ئیسماعیل خەیات لە ئیمارات كرایەوە

گەورەترین پێشانگای شێوەكاری كوردی لە مێژووی هونەری شێوەكاری كوردیدا لە گەورەترین مۆزەخانەی شاری (شاریقە) لە وڵاتی ئیمارات بۆ هونەرمەندی بەناوبانگی كورد ئیسماعیل خەیات كرایەوە.

مۆزەخانەی شاری شاریقە ساڵانە لە ماوەی مانگێك بۆ دوو مانگ گەورەترین پێشانگا بۆ هونەرمەندە جیهانییەكان دەكاتەوە، ئەمساڵیش ئەو پێشانگایە بۆ هونەرمەندی ناسراو مامۆستا ئیسماعیل خەیات كرایەوە و ئامادەكارییەكانی پێشانگاكەش لەلایەن خاتوو عولیا محەمەد مەلا، بەرپرسی مۆزەخانە و هەیاس خەیات كوڕی ئیسماعیل خەیات ئامادە كراون.

هونەرمەند گەزیزە، هاوسەری هونەرمەند ئیسماعیل خەیات بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەم پێشانگایە رۆژی ٤ی ئەم مانگە كرایەوە و تا رۆژی 27ی مانگ بەردەوام دەبێت، ‎پێشانگاكە لە ١٥٠ بەرهەمی جۆراوجۆر پێك هاتووە كە لە ١٤  هۆڵدا نمایش دەكرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، لە میانەی  پێشانگاكەدا كتێبێك بۆ هونەرمەند چاپ كراوە بە قەبارەی ٢٠٠ پەڕە بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی كە نووسەری ئەمەریكی خاتوو ئێلیزابێت و نووسەری گەورەی كورد بەختیار عەلی لەسەریان نووسیوە. 

هاوكات چاوپێكەوتنێك لەگەڵ هەیاس، كوڕی هونەرمەند خەیات لە كتێبەكەدا كراوە.

هونەرمەند گەزیزە وتی “ئەوان بە گرنگییەكی زۆرەوە لەو هەنگاوەی مۆزەخانەی شاریقە دەڕوانن بۆ ئەو ڕێز و ستایش و گرنگییپێدانەی بەخشیانە پێگەی هونەری كوردی لە ڕێگەی داهێنانەكانی ئیسماعیل خەیاتەوە”.

هەروەها وتیشی “ئەم پێشانگایە لە شانازییەكانی ژیانمانە كە لە وڵاتێكی عەرەبی و بەم شێوەیە رێز لە هونەری خەیات دەگیرێت، راستە مامۆستا ئیسماعیل لە زۆر شوێنی دنیا پێشانگای هەبووە بەڵام لە هیچیان وەك ئەمە نەیتوانیوە كاردانەوەی گەورەی هەبێت، لەبەر ئەوەی یەكەم جارە پێشانگایەكی دوو مانگی كراوە بۆ هونەرمەندێكی كورد بكرێت، بۆیە ئەمە دەرگایەكی گەورەیە بۆ هونەری كوردی و ئیسماعیل خەیات”.