لوقمان سەلیم دوو بەرهەمی نوێ بڵاو دەكاتەوە

هونەرمەند لوقمان سەلیم دوو بەرهەمی نوێی تەواو بوون و لە داهاتوویەكی نزیكدا بڵاویان دەكاتەوە كە یەكێكیان بەرهەمێكی هونەرمەندی كۆچكردوو حەسەن زیرەكە.

هونەرمەند لوقمان سەلیم بە (هەولێر)ی راگەیاند، دوو بەرهەمی نوێی لەتەواوبووندان یەكێكیان بەرهەمێكی دانراوە كە میلۆدییەكە دانراوە و كاری دەنگی تەواو بووە و هەوڵ دەدات لە داهاتوویەكی نزیكدا كلیپی بۆ بكات.

ناوبراو ئاماژەی بە بەرهەمی دووەمیشی كرد كە شاكارێكی هونەرمەندی گەورە مامۆستا حەسەن زیرەكە بە ناوی (دوگمەت داخە)، بەرهەمەكە بە شێوەی ئۆركسترایی كاری تێدا  كردووە و كیلپیشی تەواو بووە و لە داهاتوویەكی نزیكدا بڵاوی دەكاتەوە.

ئەم هونەرمەندە لە زۆر بۆنە و لایڤ موزیكیشدا بەشداری دەكات و زۆرجار بەرهەمەكانی گەورە حەسەن زیرەك دەڵێتەوە، لەو بارەیەوە دەڵێت “مامۆستا حەسەن زیرەك كۆڵەكەیەكی گەورەی هونەری كوردییە و دڵخۆشم بە بەرهەمەكانی ئەم هونەرمەندە”.

لوقمان زیاتر باسی زیرەكی كرد و وتیشی “هەندێجار لە بۆنە و ئاهەنگەكانیشدا بە حەزی خۆم یان لەسەر داوا و خواستی زۆربەی گوێگرەكانم بەرهەمەكانی هونەرمەندانی نەمر حەسەن زیرەك و محەمەدی ماملێ دەڵێمەوە”.

هەروەها وتیشی “ماوەی 30 ساڵە سەرقاڵی كاری هونەریم و مۆركێكی تایبەت بە خۆم هەیە لەڕووی بەرهەم و میلۆدی، بەڵام راستییەكی حاشاهەڵنەگرە بەرهەمەكانی نەمران زیرەك ماملێ و هونەرمەندانی دیكەیش، وەختی خۆی كۆمەڵێك بەرهەمی ناوازەیان پێشكەش كردووە كە رەسەنایەتی لە هۆنراوە و ئاواز و میلۆدییان هەیە و تائێستاشی لەسەر بێت لەم میلۆدی و كارانەیان زۆر كەمن”.

ھەواڵی زیاتر