مەهدی ئومێد: ڕەنگە لە دەرفەتێکدا وەک جاران ئەکتەرایەتی بکەم

هونەرمەندی گەورەو کەسایەتی ناوداری هونەری سینەما و شانۆ “مەهدی ئومێد” دوای ماوەیەکی زۆر دابڕان لە میدیا و کارە هونەرییەکانی لەم دیدارە تایبەتییەی “هەولێر”دا وەڵامی کۆمەڵێک پرسیارمان دەداتەوە و باس لە ڕەوشی ئێستای سینەمای کوردی دەکات.

٭ تۆ لە سەرەتای حەفتاکانەوە وەک شانۆکار دەرکەوتی، بۆچی ئێستا بەرهەمی شانۆییت نابینین؟

ـ شانۆم بەجێ نەهێشتووە، هەمیشە لە نووسینی شانۆنامە خۆم دوور نەخستووەتەوە، ئێستا خەریکم هەموو بەرهەمەکانم کۆدەکەمەوەو ژمارەیان زۆرن لە چەند بەرگێکدا لەمانگی داهاتوو خەریکی چاپ و بڵاو کردنەوەیان دەبم.

٭ بۆچی هێشتا پیشەسازی سینەما لە کوردستاندا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی نەکردووە؟

ـ هونەری سینەما، شیعر و تابلۆیەک نییە هونەرمەندێکی هێژا بە تەنیا بۆی دانیشێت و یەکتری لەئامێز بگرن. سینەما جگە لەوەی کە هونەرێکی بەرزە، خەرجکردنی پارەوپوولە و دۆزینەوەی بازاڕە. ئێمە بازاڕمان بۆ پەیدا ناکرێت و کاتی خۆی من ویستم بارگرانی نەکەوێتە ئەستۆی حکوومەت بە تەنیا من ئەزموونی کەم؛ خەرجی و بودجەی کەمم هەبوو، ئەگینا نەمدەتوانی لە کۆتایی هەشتاکانەوە کە کەسێکی تر نەبوو لەو بارودۆخەدا بیر لە کاری فیلمسازیی پڕۆفیشناڵ بکاتەوە.

٭ هەست دەکەین خۆت وەکو ئەکتەر ئەدایەکی باشت هەبێ، بۆچی جیا لە دەرهێنان وەک ئەکتەر دەرناکەوی؟

ـ من نەک تەنها ئەکتەری بەڵکو خۆشنووسم، جاران وێنەم دەکێشا ئاواز و دەنگ و لە هەموو بوارەکاندا پێشمەرگە بووم، ڕەنگە لە دەرفەتێکدا وەک جاران ئەکتەرایەتیش بکەم.

٭ دەربارەی گەنجانی نێوەندەکە چی دەڵێی؟

ـ گەنجەکان هەوڵێکی باشیان داوە، من بەو ئەزموون و دەسپێشخەرییەی ئەوان گەشبینم، بە پلان کار دەکەن، ئەگەر بەردەوام بن و پشتگیرییان لێ بکرێت ڕەنگە خۆیان بە چاکی بدۆزنەوە، هەموو کارێکیش بۆچوون و ڕەخنەی جیاواز ڕووی تێ دەکات، بەڵام دەسخۆشییان لێ دەکەم و جێی ئومێدن کە بتوانن ستایلێک بدۆزنەوە.

٭ بۆ جەماوەری کورد لە کوردستان دەمانەوێ بزانین ئێستا خەریکی چ بەرهەمێکی هونەریت؟

ـ ڕێزم بۆ جەماوەری کوردستان، من دەمتوانی لە مۆسکۆ بمێنمەوە دەرهێنان و مامۆستایەتی زانکۆ و ئەکتەرایەتیش بکەم و لەوێ ڕێز و پەیوەندیم زۆر زۆر بوو، من بۆ فیلمی تونێل دەیان تانک و فڕۆکەچو چەندەها ژەنەراڵی سوپای سۆڤێت ڕاوێژکارم بوون و هاوکارم بوون، پەیوەندیم لە لوتکەدا بوو، ئێمە تەنها گەلی خۆمان دەتوانێت ببێتە دایک و کەسوکار بۆمان؛ بۆیە دەڵێم ئێستا خەریکی بەرهەمی دەسنووسم زۆر زۆر ویستم فیلمێکی زۆر گرنگ دەربارەی کەرکوک بەرهەم بهێنم ڕەزامەندی ساڵی 2013 بە ڕەسمی هەمە و ئێستا ڕاگیراوە، درامای مێژوی زۆر تایبەت کە سپۆنسەر نەبوو منیش دانیشتوومە، بەڵام ئێستا دلێرانە خەریکی شانۆی هۆلاکۆ و هەولێر و هۆڵی گەلم.

ھەواڵی زیاتر