تەنیا ئیدریس: لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا ئەلبومێکی ١٠ تراکی بڵاو دەکەمەوە

هونەرمەندی بەئەزموونی گۆرانیبێژ تەنیا ئیدریس ئەلبومێكی گۆرانی ئامادەیە و لە داهاتوویەكی نزیكدا بڵاوی دەكاتەوە و چەند گۆرانییەكیشی كلیپ دەكات.

هونەرمەندی ناسراوی شاری هەولێر تەنیا ئیدریس بە (هەولێر)ـی راگەیاند، دوای هەشت ساڵ چاوەڕوانی و كاركردن توانیی ئەلبومێكی ١٠ تراكی ئامادە بكات و لە داهاتوویەكی نزیكدا بڵاوی بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سێ گۆرانی لێ كلیپ بكات.

بڵاوكردنەوەی ئەلبوم لەلایەن ئەم هونەرمەندە لە كاتێكدایە چەند ساڵێكە هونەرمەندان خۆیان لە بڵاوكردنەوەی ئەلبوم بەدوور دەگرن و پێیان وایە بڵاوكردنەوەی گۆرانی بەشێوەی تاک باشترە.

بەڵام لەو بارەیەوە تانیا دەڵێت “بۆیە كردمە ئەلبوم، لەبەر ئەوەی كارەكانم ماوەیەكی زۆری خایاند، بۆیە پێم باشە بە ئەلبوم بێت، بەڵام یەكێك لە گۆرانییەكانم كلیپ كردووە و دوو گۆرانی دیكەشم كلیپ كردوون”.

سەبارەت بە هۆنراوە و ئاوازی گۆرانییەكان، ئەو هونەرمەندە روونی كردەوە “نۆ هۆنراوە و ئاوازیان هی خۆمن، یەكێكیشیان ئاوازی هونەرمەند رزگار خۆشناوە و هۆنراوەكەشمان نیوەییە”؛ دەربارەی ئەوەی بۆچی زۆربەی ئاواز و هۆنراوەكان هی خۆیەتی، تەنیا ئیدریس روونی کردەوە “ئێمە نمایندایەتیی خەڵك دەكەین و دەبێت گوێ لە نەهامەتی خەڵك بگرین، بۆیە خۆم لە خەمەكانی خەڵك و بەرامبەرەكەم باشتر دەگەم”.

بەرهەمەكانی ئەم هونەرمەندە بە گشتی ستایڵی خاون، بۆ بەرهەمەكانی ئەمجارەشی دەڵێت “زۆربەی گۆرانییەكان خاون، چونكە خەڵك ئەو ستایڵەی لە من دەوێت، ئەگینا دەتوانم بەهەموو ستایڵەكان گۆرانی بڵێم”، سەبارەت بەوەی خۆی خەڵكی وا راهێناوە بەو جۆرە گوێی لێبگرن یان خەڵك ئەو ستایڵەی دەوێت، تانیا وتی “خەڵك بەگشتی دڵیان توندە و حەزیان لە گۆرانییەكە هێوریان بكاتەوە”.

بەرهەمهێنانی ئەلبومی گۆرانی لەڕووی ماددییەوە تێچووی زۆری دەوێت، لەو بارەیەوە تەنیا گوتی “بۆ تێچووەكەی بەشێكی وەزارەتی رۆشنبیری دابینی كردووە، ئەوەی دیكەش خۆم دابینم كردووە و هەندێكیشیان بە دۆستایەتی پەیدام كردووە، بەڵام خەرجکێش (سپۆنسەر)م نییە، لەبەرئەوەی خۆم نامەوێت لە دەرگای كەس بدەم، چونكە دەبێت كەسێك سپۆنسەرت بكات كە لە هونەر تێبگات و هونەردۆست بێت”.

دەربارەی ئەوەی پێشبینی چی دەكات بۆ كاردانەوەی خەڵك بۆ دوای ئەلبومەكە، تانیا وتی “من سروشتێكم هەیە پێش تۆماركردنی گۆرانی پرسیار لە ١٠ كەس دەكەم، ئەگەر ٧ كەس وتیان باشە ئەوە دەیكەم، بەڵام ٤ كەس وتیان باش نییە نایكەم”.

ھەواڵی زیاتر