سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئەحمەد سالار: چاوم کز داگەڕاوە ‌و زیاتر هەر لە ماڵەوەم

ئەحمەد سالار دەرهێنەر و پێشكەشكاری شانۆی كوردی ئێستا تەمەنی هەڵكشاوە و وەك جاران خۆی و كارەكانی نابینین؛ ئەو بۆ “هەولێر” دەڵێت: “چاوم كەڵكی خوێندنەوەی نەماوە و كز بووە؛ گوێم باش نابیستێ و قاچیشم بە باشی ڕێ ناكات، زۆربەی كات هەر لە ماڵەوەم”.

ئاخۆ ئێستاش دڵ‌ و مێشكت رێ دەكات بۆ كاری شانۆیی؟ ئەو لەوبارەیەوە وتی: “ساڵانێكە دوو كاری نوێی شانۆییم بە دەستەوەیە؛ یەكیان بە ناوی (گەمەكەی جاران) دوكاندارانی دارتاش ‌و ئاسنگەر و گۆشتفرۆشەكان دەچوونە سەیران ‌و یەكێكیان هەڵدەبژارد لە پاشا و وەزیر و گزیر و دەستوپێوەندیان بۆ هەڵدەبژارد ‌و سێ‌ ڕۆژ حوکمیان دەدایێ‌ ئەویش حوكمی دەكرد؛ دوایی حوکمەكەیان لێ وەردەگرتەوە‌ و دەیانكرد بە پەند”.

شانۆی دووەمیشم بە ناوی (شێخ مەحمودی قارەمان) باس لە خەمەكانی ئەو دەكات‌ و لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ڕاستكردنەوەی مێژووی تێدایە كە خەڵكی پەی پێ نەبردووە؛ بۆ ئەم كارەش ٤٤ ئەكتەری دەوێت ‌و ماوەی ٩٠ خولەكە؛ بۆ ئەوی دیكەشیان ٢٤ ئەكتەری دەوێت بەهەمان شێوە ٩٠ خولەكە؛ ئێستا بەهۆی ئەوەی حكومەت خەرجی داراییەكەی لەئەستۆ ناگیرێت تا ئێستا نمایش نەكراوە و ئێمەش چاوەڕین”.

ئەو باسی ئەوەش دەكات هێشتا كاری هونەریی جوان ماوە و هونەرمەندی باش هەیە بەڵام حكومەت وەك پێویست ئاوڕیان لێ ناداتەوە؛ نە حیزب ‌و نە حكومەت هیچیان لە خەمی وەزارەتی ڕۆشنبیریدا نین؛ ئەو وەزارەتەیان بەجۆرێك بەك خستووە تەنانەت حیزبەكانیش نایانەوێت؛ چونكە بێبەها كراوە ‌و پەراوێز خراوە.

لە وەڵامی ئەوەی ئاخۆ لەم كابینەیەدا ڕایانسپاردووە بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری، ئەو وتی: “هەستم دەكرد بەهۆی هەڵكشانەوە تواناییی ئەو كارەم نەماوە، هەربۆیە خۆم كارەكەم ڕەت كردەوە و بۆستی وەزیری ڕۆشنبیریم وەرنەگرت”.

ئەحمەد سالار، سالی 1968 دەستی بە یەكەم كاری هونەری شانۆ كردووە و خاوەنی 180 كاری شانۆییە و 36 شانۆی نووسیوە، كە پێنجیان شانۆی شیعرین؛ خاوەنی كتێبێكیشە بە ناوی ڕۆژان، كە باس لە خەم و كەموكووڕیەكانی شانۆ و درامای كوردی دەكات.