لە ڕۆژێکدا (هەولێر) بەشداربوو لە دوو چالاکیی جیاوازی هونەری، کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەریی هەولێر سازی کردبوو.
لە چالاکی یەکەمدا پێشانگایەکی خەت و زەخرەفەی هونەرمەندی خۆشنووس (فەرید فەرەیدون) لە هۆڵی شێوەکاری میدیادا کرایەوە، کە چەندین تابلۆی تایبەت بە هونەر و سەلیقەی ئەو هونەرمەندە نەخشێندرابوو بە ئامادەبوونی بەڕێزان (حەمەی حەمەسەعید) وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان و (فەرهەنگ غەفوور) بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەریی هەولێر و (سەلیم قادر) جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەریی هەولێر و هەرکامێکیان دێڕێکیان بۆ یادگار لە بارەی تابلۆ کارە ناوازەکانی ئەو هونەرمەندەوە نووسی.
هاوکات بە ئامادەبوونی (زەعیم عەلی) ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ئەدیب و ڕۆشنبیران، پەردە لەسەر پەیکەری نووسەر و هونەرمەندی گەورە (تەڵعەت سامان) لا درا، بەشی سەنتەرە ڕۆشنبیری و تیپە هونەرییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەریی هەولێر دروستی کردووە؛ ئامادەبووان پەیکەرەکەی هونەرمەند تەڵعەت سامانیان گوڵباران کرد.
پاشان چەند وتارێک دەربارەی خزمەتی بەرچاوی ئەو هونەرمەندە لە کۆڕی شانۆی کوردی خوێندرایەوە و تیشکیان خستە سەر ڕۆڵ و داهێنانی لە هونەر و نووسین و کاری دەرهێناندا.